رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەر هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد چاوکراوە بن، چونکە ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی ئاڵۆزییەکان هەیە.
رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی ئەمریکییەکانی نیشتەجێی ناوچەکە کراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ناجێگیری ماوەتەوە؛ هۆشداریشی دا کە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمان بە رووی گەشتەکاندا هەیە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کراونەتە ئامانج. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان، لەوانەش کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکان بکەنە ئامانج."
سەبارەت بە کارەکانی باڵیۆزخانە، ئاماژە بەوە کراوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دەوحە بۆ کاروباری رۆتینی هاووڵاتییانی ئەمریکی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڤیزا بە شێوەیەکی سنووردار بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لە رێگەی بەرنامەی (STEP) ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیاریی ئەمنی تۆماربکەن، هەروەها رێنماییان دەکات لەکاتی روودانی هەر هێرشێکی ئاسمانی یان پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکاندا لە دەرگا و پەنجەرەی شووشە و پاشماوەی تەقینەوەکان دووربکەونەوە.
ئەو هۆشدارییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا.
هێرشەکان کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستیانپێکرد. میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، دەنگی زیاتر لە هەشت تەقینەوە لە دەوروبەری گوندی (مسن) لە دوورگەی قشم و چەندین تەقینەوەی دیکەش لە (بەندەرعەباس) و (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان بیستراوە.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری (چابەهار) و شەش تەقینەوە لە شاری (کونارەک)ـی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بیستراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


