رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بە وەشاندنی گورزی گەورە و بەهێز لە ئامانجەکانی ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز کردووە و هۆشداری دەداتە تاران لە هەر پەرچەکردارێک.
رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک جێبەجێ دەکرێن لە بەرامبەر هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مینی دەریایی لە تەنگەی هورمز. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا تەنگەکە هیچ مینێکی تێدا نییە و هەموویان لابراون یان تەقێندراونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری دووەمی هێرشەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەو هەشت مووشەکەی کە ئێران ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردبوو، بەڵام وەک ترەمپ گوتی: "هەموو مووشەکەکان بە سەرکەوتوویی خرانە خوارەوە."
ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی: "ئەگەر دەوڵەتی شکستخواردووی ئێران تۆڵەی ئەم هێرشە زۆر رەوایە بکاتەوە، ئەوا جارێکی دیکە و بە ئاستێکی زۆر تووندتر و بەرزتر لێی دەدرێتەوە."
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەکی گەورەی ئاراستەی تاران کردووە و دەڵێ، ئەم هێرشانەی ئێستا گەورەترین هێرش نابن و گوتی: "ئەو هێرشەی کە ئامادەکاری بۆ دەکرێ، کاتێک ئەنجامدرا، شتێکی زۆر کەم لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەمێنێتەوە."
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا.
هێرشەکان کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستیانپێکرد. میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، دەنگی زیاتر لە هەشت تەقینەوە لە دەوروبەری گوندی (مسن) لە دوورگەی قشم و چەندین تەقینەوەی دیکەش لە (بەندەرعەباس) و (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان بیستراوە.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری (چابەهار) و شەش تەقینەوە لە شاری (کونارەک)ـی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بیستراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
