رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مافی پێکهاتەکانی سووریا قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، زمان ناسنامەیە، مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەبێت رێزیان لێ بگیرێت.
جێرۆم بۆنافۆن، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەلای ئێمەوە، ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا ئێستا دەبێت بیکەن ئەوەیە کە لە رێگەی گفتوگۆ، دیالۆگ و دانوستان، لە رێگە ئاشتیخوازانە و دیموکراتییەکانەوە، ئەم پەیوەندییە لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هاووڵاتیانی سووریای سەر بە گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا بنیات بنێن: کورد، عەلەوی، مەسیحی و درووز، هەموو ئەم کۆمەڵگانە دەبێت مافەکانی هاووڵاتیبوونیان رێزیان لێ بگیرێت."
نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پرسی زمانی دایک ئاماژەی بەوە کرد، "زمان یەکێکە لە پێکهاتە هەرە گرنگەکانی ناسنامەی هەر کۆمەڵگەیەک."
دەقی پرسیارەکانی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک و وەڵامەکانی جێرۆم بۆنافۆن، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. یەک پرسیارم لەسەر سووریا هەیە. ئێوە بە زمانی دایکتان قسە بۆ ئێمە دەکەن. کورد لە سووریا دەیانەوێت منداڵەکانیان زمانی دایکیان فێربن. دوو رۆژە خۆپێشاندان دەکەن، چونکە دیمەشق خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمی خوێندنە کوردییەیە کە زیاتر لە 10 ساڵە کاری پێدەکرێت. زمانی کوردی لە زمانی خوێندنەوە دەگۆڕدرێت تاوەکو ئینگلیزی، یان هەر زمانێکی بیانی بخوێندرێت. ئایا خوێندن بە زمانی دایک زۆرە کە کورد داوای دەکات؟ هەڵوێستی فەرەنسا لەم بارەیەوە چییە؟
جێرۆم بۆنافۆن: ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەی مانگانە لەسەر سووریا دەبەستێت و ئەم مانگەش کۆبوونەوەیەک هەیە. ئێمە هەمیشە چەند شتێک دەڵێین و چەند پرسێک بە وردی بەدوایاندا دەچین، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێشمان دەکەن. دەزانن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا ئامادەبوونێکی گەورەی لەسەر زەوی هەیە و بەو ئامادەبوونە دەتوانێت بریفینگی زۆر گشتگیرمان پێ بدات، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لە چەقی گفتوگۆکانماندایە ئاشتەوایی نیشتمانییە.
پرسێکی دیکە بنیاتنانی سووریایەکە بە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی نوێ، کە تێیدا مافەکانی هاووڵاتییانی سەر بە هەر کۆمەڵگەیەک رێزیان لێ بگیرێت. بۆیە، بەلای ئێمەوە، ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا ئێستا دەبێت بیکەن ئەوەیە کە لە رێگەی گفتوگۆ، دیالۆگ و دانوستان، لە رێگە ئاشتیخوازانە و دیموکراتییەکانەوە، ئەم پەیوەندییە لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هاووڵاتیانی سووریای سەر بە گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا بنیات بنێن: کورد، عەلەوی، مەسیحی و درووز، هەموو ئەم کۆمەڵگانە دەبێت مافەکانی هاووڵاتیبوونیان رێزیان لێ بگیرێت.
لەم چوارچێوەیەشدایە ئێمە لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی تێکەڵبوونی کورد لە سووریادا دەکەین، کە خەریکە بنیات دەنرێتەوە. ئێوە پرسی زمانتان هێنایە گۆڕێ. زمان یەکێکە لە پێکهاتە هەرە گرنگەکانی ناسنامەی هەر کۆمەڵگەیەک. دەتوانی باسی تێکەڵکردن یان هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و دووبارە خستنەوەیان بۆ ناو سوپای سووریا بکەن. ئێمە پێمان وایە ئەگەری رێگایەک هەیە بەرەو شوێنێک کە تێیدا سووریا بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاواز لەوەی تاوەکو ئێستا کردوویەتی مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانەکەی بکات، ئەمەش ئاوەدانکردنەوە بەرەوپێش دەبات.


.jpg&w=3840&q=75)
