رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێ، هێزەکانیان رۆژی سێشەممە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا.
هێرشەکان کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستیانپێکردووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە سوپای پاسداران بەم دواییە هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر رێرەوی کەشتیوانیی لە تەنگەی هورمز و ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرن.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، نزیک کاژێر 7:30 دەنگی زیاتر لە هەشت تەقینەوە لە دەوروبەری گوندی (مسن) لە دوورگەی قشم و چەندین تەقینەوەی دیکەش لە (بەندەرعەباس) و (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان بیستراوە.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری (چابەهار) و شەش تەقینەوە لە شاری (کونارەک)ـی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بیستراوە.
دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگدا واشنتن و تاران گەیشتوونەتە بنبەست. ئێران دەڵێ، تەنگەی هورمزی بە داخستووە و ئەمریکاش لە بەرامبەردا گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانی داوە.
رۆژی یەکشەممە، ئەمریکا یەکەم هێرشی خۆی دوای چەند هەفتەیەک بۆسەر خاکی ئێران ئەنجامدا و دوورگەیەکی ئێرانی لە نزیک تەنگەی هورمز بۆردوومان کرد. واشنتن رایگەیاند، سەکۆی مووشەکییەکانی لە دوورگەی لارک کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی رێگە نەدەن ئێران مین لە رێڕەوی کەشتیوانییەکەدا بچێنێت.
تاران دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی دایەوە و لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردە سەر ئوردن و ئیمارات، بە پاساوی ئەوەی بنکەکانی ئەمریکای لەو دوو وڵاتە کردووەتە ئامانج.


