رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی سێشەممە لە یەکەم دیداریدا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ، سوپاسی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای کرد لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی مۆسکۆ لە کاتی جەنگی ئێراندا.
مۆسکۆ لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ تاران بەهێزتر کردووە.
پزیشکیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای لە قیرغیزستان، بە پووتینی گوت: "ئێمە پێزانینمان هەیە و سوپاستان دەکەین بۆ هەڵوێستەکانتان لە هەموو قۆناخێکدا؛ چ لەو قۆناخەی شەڕ و هێرشەکان هەبوون و چ لە دۆخی ئاساییدا کاتێک ئەمریکا سزای بەسەر ئێمەدا دەسەپاند."
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: "ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە پەیوەندیی نێوانمان پەیوەندییەکی ستراتیژییە."
پێشتریش لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراندا هاتبوو کە هەردوو سەرۆک "پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا کردووە" و "تاوتوێی رێگەکانی بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوکارییەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە."
دوایین دیداری پزیشکیان و پووتین لە کانوونی یەکەمی 2025 لە لووتکەیەکدا لە تورکمەنستان بوو.
جەنگی ئێران و ئەمریکا
جەنگی ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بووەهۆی کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی.
ئێران لە رێگەی ئەنجامدانی هێرش لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەڵامی دایەوە و جەنگەکەش گەورەتر بوو.
ئاگربەستەکەی 8ـی نیسان کۆتایی بە هێرشە راستەوخۆکانی سەر یەکدی هێنا، بەڵام هێرشە پچڕپچڕەکان، بەتایبەتی لە نزیک تەنگەی هورمز، ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتیی یەکجارەکییان کاڵکردووەتەوە. هاوکات بەم دواییە ئەمریکا رووی لە هەڵمەتێک کردووە کە ناوی لێناوە "خنکاندنی ئابووری"ـی ئێران.
لە کۆتایی مانگی نیساندا لە سان پیتەرسبۆرگ، پووتین بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی گوت کە مۆسکۆ "هەموو کارێک" دەکات بۆ هاوکاریکردن لە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.


