رووداو دیجیتاڵ
ئامارەکانی دامەزراوەیەکی تەندروستیی گشتی رایانگەیاند، ئیسپانیا لە مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئاب زیاتر لە پێنج هەزار گیانلەدەستدانی پەیوەست بە گەرمای تۆمارکردووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە دەستپێکردنی تۆمارکردنی ئامارەکان لە ساڵی 2015ـەوە.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، زنجیرەیەک شەپۆلی گەرمای نائاسایی هاوینە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە سەرتاسەری ئەورووپا، دەزگای چاودێریی کەشوهەوای کیشوەرەکەش رایگەیاندووە، مانگەکانی حوزەیران و تەممووز گەرمترین مانگ بوون لە مێژووی تۆمارکراوی رۆژئاوای ئەورووپادا.
ئەو 5,111 گیانلەدەستدانەی کە پەیوەندییان بە گەرماوە هەبووە لە ئیسپانیا لە مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئاب لەلایەن (پەیمانگەی کارلۆسی سێیەم بۆ تەندروستی)ـەوە تۆمارکراون، کە پێش ژمارە پێوانەییەکەی پێشوو کەوتووەتەوە کە 4,652 کەس بوو بۆ هەمان ماوە لە ساڵی 2022.
هەروەها ئەم ئامارە بەرزترە لەو 3,651 گیانلەدەستدانەی لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 تۆمارکراون، لەگەڵ 1,977 گیانلەدەستدان لەو سێ مانگەی ساڵی 2024ـدا.
ئامارەکان بە بەکارهێنانی داتاکانی (سیستمی چاودێریکردنی مردن لە ئیسپانیا - MoMo) خەمڵێنراون، کە بەدواداچوون بۆ رێژەی مردنی رۆژانە لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئامارە مێژووییەکان. سیستمەکە هەروەها هۆکارە دەرەکییەکانیش لەخۆدەگرێت، وەک داتاکانی کەشوهەوا لە ئاژانسی نیشتمانیی کەشوهەوا (AEMET)، بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن.
هەرچەندە (MoMo) ناتوانێت هۆکاری راستەوخۆی نێوان گیانلەدەستدانەکان و بەرزیی پلەی گەرما پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام جێباوەڕترین خەمڵاندن بۆ ئەو گیانلەدەستدانانە دەخاتەڕوو کە ئەگەری زۆرە گەرما هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بووبێت تێیاندا. زۆربەی گیانلەدەستدانە زیادەکان کە پەیوەندییان بە گەرماوە هەیە، بەهۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکەوەن کە لە ئەنجامی ماندووبوونی جەستە بۆ پاراستنی جێگیریی پلەی گەرمیی لەش دروست دەبن.
زانایان لەمێژە هۆشداری دەدەن لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە بەردینەکان لەلایەن مرۆڤەوە دروستبووە، وایکردووە شەپۆلەکانی گەرمای سەخت کە بەرۆکی ئەورووپایان گرتووە، درێژتر، تووندتر و دووبارەتر ببنەوە.
ئاژانسی (AEMET) رایگەیاندووە، مانگی تەممووز گەرمترین مانگ بووە لە خاکی ئیسپانیادا لە دەستپێکردنی ئامارەکانی لە ساڵی 1961ـەوە، لە کاتێکدا ریکۆردی نوێی پلەی گەرما لە سەرانسەری ناوچە وشکەساڵییەکانی ئەورووپادا تۆمارکران.
گەرما و کەمیی شێ، ژینگەیەکی لەباری بۆ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان دروستکرد، بە جۆرێک ئیسپانیا لە مانگی تەممووزدا تووشی یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی لەو جۆرە بوو لە مێژووی سەردەمدا، کە بووە هۆی چۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن دەیان هەزار کەسەوە کە تەنیا دەیان کیلۆمەتر لە مەدریدەوە دوور بوون.
پێشبینیش دەکرێت ئەم هەفتەیە پلەی گەرمای نائاسایی بۆ مانگی ئەیلوول ئیسپانیا بکوڵێنن، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکە پلەی گەرما بگاتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی.


