رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە تایمز سکوێری شاری نیویۆرک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو کەس و یەکێکیانی کوشت، پۆلیسیش تەقەی لە هێرشکارەکە کرد و کوشتی.
زوهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کوژرانی هێرشکارەکە و کەسێکی دیکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، بریندارێکی دیکە لە نەخۆشخانەیە و تەندروستیی جێگیرە.
جێسیکا تیش، فەرماندەی پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، هێرشبەرەکە بە ناوی پامێلا سیسنێرۆس و تەمەنی 49 ساڵە و دانیشتووی ناوچەی کوینزی شارەکە بووە و پێشتر کێشەی دەروونی هەبووە.
بەگوتەی پۆلیس، سیسنێرۆس دوو چەقۆی لە جانتاکەی دەرهێناوە و بە رۆژی رووناک دەستی بە هەڕەشەکردن لە رێبواران کردووە.
دواتر لە پیاوێکی 68 ساڵە نزیک بووەتەوە و چەقۆی لە سکی داوە. 20 چرکە دواتر هێرشی کردووەتە سەر ژنێکی 32 ساڵە و لە سکی ئەویشی داوە، کە دواتر بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.
ناسنامەی هەردوو قوربانییەکە تا ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان ئاشکرا ناکرێت.
پۆلیس دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ و هەوڵیداوە هێرشبەرەکە رازی بکات چەقۆکان فڕێ بدات.
جێسیکا تیش دەڵێت: "پۆلیس بۆ ماوەی چوار خولەک لەگەڵ ژنەکە قسەیان کرد و چەند جارێک فەرمانیان پێکرد چەقۆکان فڕێ بدات، بەڵام رەتی کردەوە."
بە گوتەی کۆمیسیاری پۆلیسی نیویۆرک، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا ژنەکە بە پۆلیسەکانی گوتووە: "هیچ شتێک فڕێ نادەم، پێم باشترە ئێوە بکوژم."
شایەتحاڵێک بە میدیای ناوخۆیی گوتووە، ژنەکە بە هەردوو دەستی چەقۆی هەڵگرتبوو و پۆلیس سەرەتا چەکی کارەبایی بەرامبەری بەکارهێنا، پێش ئەوەی بەرەو پۆلیسەکان هێرش بکات.
شایەتحاڵەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، گوتی: "دوو جار تەقەیان لێکرد."
پۆلیسی نیویۆرک پشتڕاستی کردەوە سەرەتا چەکی کارەبایی بەکارهێنراوە، بەڵام کاریگەری نەبووە و دواتر پۆلیس تەقەی لە ژنەکە کردووە.
جێسیکا تیش دەڵێت، پۆلیس پێیوایە هێرشەکە پەیوەندیی بە "تیرۆریزم"ەوە نییە.
کۆمیسیاری پۆلیسی نیویۆرک گوتی: "رووداوێکی زۆر مەترسیدار لە نێو جەرگەی تایمز سکوێر، چوارڕیانی جیهان، لە دروست بوو."
تایمز سکوێر یەکێکە لە شوێنە هەرە قەرەباڵخ و پڕگەشتیارەکانی نیویۆرک و رۆژانە هەزاران دانیشتوو، گەشتیار، خێزان و کرێکار بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن.


