رووداو دیجیتاڵ
فەرماندە و سەرکردە باڵاکانی سەربازیی ئەمریکا هۆشداری دەدەنە وەزیری جەنگی ئەمریکا کە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دژی ئێران لێکەوتەی مەترسیداری هەیە و توانای ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دیکە و پاراستنی خاکی ئەمریکا لاواز دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی نهێنی لە راپۆرتی 14ـی ئابی "پەڕاوی فەرمانەکانی" وەزیری جەنگ ئاشکرای کرد، سەرکردەی هێزەکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکا لەگەڵ فەرماندەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەورووپا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین، بە راشکاوی بە وەزیری جەنگیان گوتووە بەردەوامیی جەنگی ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ لە رادەبەدەر زۆر بووە و ماوەیەکی درێژی خایاندووە.
رەتکردنەوەی فەرمانەکانی وەزیری جەنگ لەلایەن فەرماندەکانەوە
بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکە، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا، ئاسیا (پاسفیک)، ئەمریکای باشوور و فەرماندەی باڵای هێزی دەریایی هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لەبارەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاراستەی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تەرخانکردنی کەشتی، فڕۆکە و کەلوپەلە سەربازییەکان بۆ جەنگی ئێران، توانای ئەوانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرگری لە خاکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئیفلیج کردووە.
هەروەها سەرکردایەتیی هێزی وشکانی و ئاسمانیش جەختیان کردووەتەوە کە درێژکردنەوەی ماوەی جێگیربوونی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو ساڵی 2027، مەترسییەکی تووندی ستراتیژی بۆ سەر ئامادەیی سوپای ئەمریکا دروست دەکات.
ئیفلیجبوونی هێزی دەریایی و کەمبوونی کەشتییە جەنگییەکان
دارڵ کۆدڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا رەشبینترین هەڵسەنگاندنی ئاراستەی هێگسەس کردووە و رایگەیاندووە هێزی دەریایی ناتوانێت بەمشێوە و ئاستە لە هاوکاریی هێزەکانی دیکە لە جەنگی ئێران بەردەوام بێت.
کۆدڵ ئاشکرای کردووە کە تەنیا 25%ـی تەواوی کەشتییە وێرانکەرەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئێستادا ئامادەی جێبەجێکردنی ئەرکن، کە دابەزینێکی بێپێشینەیە بەراورد بە بەرلە جەنگەکە.
هەروەها ناردنی دەیان کەشتی بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و تەنگەی هورمز، چاککردنەوەی کەشتییەکانی تووشی ئاستەنگی گەورە کردووە؛ بە رادەیەک تەنیا کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا لە ناوچەی پاسفیک کە بۆ راگرتنی هاوسەنگی بەرامبەر چین دانرابوو، رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کراوە تاوەکو جێگەی کەشتییەکی دیکە بگرێتەوە کە زیاتر لە 250 رۆژ لە ئەرکدا بوو.
وەڵامی پێنتاگۆن و رەتکردنەوەی دەنگۆکان
لە وەڵامی ئەم بڵاوکراوانەدا، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پیت هێگسەس لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند کە بڕیارەکان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و ئەولەویەتەکانی سەرۆک ترەمپ دەدرێن.
پەڕاوی فەرمانەکانی وەزارەتی جەنگ (SDOB) بەڵگەنامەیەکی زۆر نهێنییە کە دوو هەفتە جارێک ئامادە دەکرێت و تەواوی توانای ئامادەیی کەشتی، فڕۆکە، چەک و هێزەکانی ئەمریکا لە جیهاندا دەخاتە روو.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەربازی لە شوباتی 2026 لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە 50 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کرد تاوەکو گەمارۆی دەریایی بەسەر تەنگەی هورمز و بەندەرەکانی ئێراندا بسەپێنێت.



