رووداو دیجیتاڵ حکومەتی ژاپۆن ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات و پلانی داناوە گەراجێکی گەورەی ئۆتۆمبێل لە تۆکیۆی پایتەخت بکاتە پەناگەی خۆپارێزی بۆ دانیشتووانەکەی. یوریکۆ کۆیکی، پارێزگاری تۆکیۆ بە رۆژنامەی ژاپۆن تودەی گوتووە، ئامادەکردنی گەراجەکە وەک پەناگەیەک، لە ئەم ساڵدا دەستپێدەکات و تاوەکو مانگی ئازاری داهاتوو بەردەوام دەبێت. پارێزگاری تۆکیۆ دەڵێت، گەراجی یاسۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی بکرێتە پەناگە، بەهۆی ئەوەی نزیکە لە وێستگەی تۆکیۆ کە بە دەروازەی شارەکە ناسراوە. گەراجەکە یازدە مەتر لەژێر زەویدایە و رووبەرەکەی نزیکەی 13 هەزار مەتر چوارگۆشەیە. بەگوێرەی پارێزگاری تۆکیۆ، دەرگایەکی بەهێز بۆ گەراجەکە دروستدەکرێت کە بەرگەی تەقینەوەی بەهێز بگرێت، هەروەها رەفەی تایبەت بە پێداویستییە سەرەتاییەکان لەنێو گەراجەکەدا دروست دەکرێت. پارێزگاری تۆکیۆ دەڵێت، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ هەڕەشەی جیدین، پێویستە سەلامەتیی گیانی دانیشتووانی تۆکیۆ و شارەکانی دیکەی ژاپۆن بپارێزرێت. پێشتریش حکومەتی ناوەندیی ژاپۆن پلانێکی بۆ دروستکردنی پەناگەی خۆپارێزی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە راگەیاندبوو، ئەوەش بەهۆی گوشارە سەربازییەکانی چین بۆ سەر تایوان. هەروەها لە رۆژئاوای وڵاتەکە پڕۆژەی دروستکردنی پەناگەکان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە بەهاری ساڵی 2028 کۆتایی بێت.