رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سویسرا دەڵێت، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ئاهەنگێکی مۆسیقادا لە ناوچەی ئارگاو لە باکووری ئەو وڵاتە، ژنێک گیانی لەدەستدا و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت، گەڕان بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوان بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە 30-08-2026، پۆلیسی ناوچەی ئارگاو رایگەیاند، قوربانییە سەرەکییەکە ژنێکی تەمەن 22 ساڵانە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە. هەروەها 4 پیاو و ژنێکی دیکە کە تەمەنیان لە نێوان 24 بۆ 27 ساڵدایە، بریندار بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، کە برینی هەندێکیان سەختە.
گەڕان بەدوای تۆمەتباران
بێرنارد گراسر، گوتەبێژی پۆلیس رایگەیاند: "پڕۆسەی گەڕان بەدوای تۆمەتباران بەبێ وەستان و بەوپەڕی خێراییەوە بەردەوامە." ئاماژەی بەوەش کرد تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی پاڵنەری هێرشەکە نییە، بەڵام گریمانەی "هێرشی تیرۆریستی" بە دوور دەزانن و پێیانوایە رەنگە شەڕ و کێشەیەک لە نێوان لایەنەکاندا هۆکاری رووداوەکە بووبێت.
تەقەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا لە سویسرا بە کارێکی دەگمەن دادەنرێت. گوتەبێژی پۆلیس گوتی: "ئەم رووداوە لە ساڵانی دواییدا بێوێنەیە، هەر بۆیە هێزێکی یەکجار زۆری پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە."
رووداوەکە کاژێر 2:30ـی بەرەبەیان لە شاری ئاراو (46 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای زیورخ) روویداوە. لەو کاتەدا ئاهەنگی "Aarau Rave VOL. 7" لە مەیدانی ئەسپسواریی شارەکەدا بەڕێوەدەچوو. پۆلیسی شاری فرایبۆرگی ئەڵمانیای دراوسێش بەشداری لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکان دەکەن.
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، بەشداربووانی ئاهەنگەکە سەرەتا وایانزانیوە دەنگی تەقەکان هی یارییە ئاگرینەکانە، تاوەکو ئەو کاتەی کەسێک هاواری کردووە: "هەمووان خۆتان مات بکەن."
پۆلیس داوای لە هەرکەسێک کردووە کە وێنە یان ڤیدیۆی رووداوەکەی لایە، رادەستی لێکۆڵەرانی بکات بۆ ئەوەی ناسنامەی تەقەکەرەکان ئاشکرا بکرێت.
شاری ئاراو نزیکەی 22,300 دانیشتووی هەیە و تەنیا 30 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئەڵمانیاوە دوورە.



