رووداو - دیجیتاڵ لە بەرامبەری کاتێدرالی ماگدیبۆرگ، کۆشکی پەرلەمانی هەرێمی زاکسن ئەنهالت لە رۆژهەڵاتی ئاڵمانیا بەدی دەکرێت؛ ناوچەیەک کە خۆی بۆ گەڕی هەشتەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئامادە دەکات و کێبڕکێیەکی سیاسیی توند لەوانەیە چارەنووسی بەڕێوەبردنی هەرێمەکە بگۆڕێت. لە ناوەندی شارەکە، پارتی جێگرەوە بۆ ئاڵمانیا (AfD) کەمپەینێکی گەرم بەڕێوە دەبات. بەپێی راپرسییەکان، نزیکەی 40%ی دەنگدەران دڵ و هزریان لەگەڵ ئەم پارتە راستڕۆ دایە کە بە دژایەتیکردنی کۆچبەران و یەکێتیی ئەورووپا دەناسرێت. ئۆلیڤەر کیرشنەر، سەرۆکی فراکسیۆنی AfD لە پەرلەمانی هەرێمی زاکسن ئەنهالت لەبارەی هەڵوێستیان بەرامبەر بیانییەکان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەرامبەر هەر کەسێک کراوەین کە دەیەوێت بێتە ئێرە و وەک کولتووری ئێمە بژێت؛ ئەوانە لە دڵەوە بەخێر بێن. من هیچ شتێکم بەرامبەر بە وەستایەکی پۆرتوگالی یان تورکێک یان هەر شوێنێکی دیکە دانانی کاشی نییە کە بە یاسایی هاتبن و لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کار بکەن. بەڵام دەمانەوێت ئەوانەی بە نایاسایی هاتوون و تاوانکارییان کردووە دیپۆرت ببنەوە، چونکە شوێنیان لێرە نییە." لە لایەکی دیکەوە، پارتی سەوز کە وەک کلیلی پێکهێنانی حکومەت لەم هەڵبژاردنانەدا دەبینرێت، کەسایەتییە دیارەکانی دەرەوەی هەرێمەکەی داوەت کردووە تاوەکو پشتگیری لە کەمپەینەکەیان بکەن. سۆزان شیبۆرا زایدلیتس، سەرۆکی لیستی پارتی سەوز لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت لەبارەی مەترسییەکانی سەرکەوتنی راستڕۆکان بە رووداوی گوت: "بێگومان نابێت مرۆڤ چاو لەوە دابخات کە زۆرینەیەکی 40% لەگەڵ پارتێکی راستڕۆی توندان و بۆیەش هەست بە هەڕەشە دەکرێت. من لە ترس و نیگەرانیی کەسەکان تێدەگەم، بەڵام داوا لە هەموویان دەکەم لەگەڵ ئێمە لێرە بمێننەوە، پێکەوە بەهێز بین تاوەکو ئەم هەرێمە بە جوانیییە فرەڕەنگەکەی بمێنێتەوە." هاوکات لەگەڵ کەمپەینەکان، خۆپێشاندانی چالاکوانانی گەنج و دۆستانی کۆچبەران دژی هێزە راستڕۆکان دەکرێت. ئانسگار ڤاینشتروخ، خۆپێشاندەرێکی دژی AfD لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی دەسەڵات لەلایەن راستڕۆکانەوە بە رووداوی راگەیاند: "لەو باوەڕەدام AfD ئەگەر هەڵبژاردن بباتەوە، وەک فاشیستەکانی سەردەمی هیتلەر نابێت. فاشیستیی ئەوان بە شێوازێکی پۆپ و قبووڵکراو لە ناو کۆمەڵگەدا داڕێژراوەتەوە کە بە رووکاری دەرەوە توندوتیژ دەرناکەوێت، بەڵام توندوتیژی لە ئێستاوە لە ماگدیبۆرگ هەیە و بۆ من وەک ساڵانی نەوەتەکان وایە." لە کاتێکدا نزیکی یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لەم هەرێمە بچووکەی ئەڵمانیادا هەیە، سەرنجی تەواوی جیهانی رۆژئاوا لەسەر بڕیار و ئەنجامی دەنگدانی هاووڵاتییانی زاکسن ئەنهالت دەبێت.
جیهان30-08-2026ئایسلەندا: دەنگی 'بەڵێ' بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا لەپێشە