رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە سەردانە نهێنییەکەیدا بۆ مۆسکۆ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی لووتکەی سێقۆڵیی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کردووە.
ئەمە یەکەمین جارە کە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی راستەوخۆ بەشداری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بکات بە مەبەستی بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە کە ئامانجی سەردانەکەی راتکلیف بۆ ئەوە بووە بزانێت ئایا بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا دەتوانن یارمەتیدەر بن لە رازیکردنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئۆکراینا بە نێوەندگیریی ئەمریکا.
رۆژی هەینی، بەرپرسانی ئەمریکا زیلینسکیان لە گفتوگۆکانی راتکلیف لە مۆسکۆ و پێشنیازی لووتکە سێقۆڵییەکە ئاگادار کردووەتەوە. پێشتریش ئیدارەی ترەمپ ئەم بیرۆکەیەی خستبووە روو و زیلینسکی لەگەڵیدا بووە، بەڵام پووتین رەتیکردبووەوە.
کۆبوونەوەی نهێنی لە مۆسکۆ
بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رۆژی 18ـی ئەم مانگە سەردانێکی نهێنیی بۆ مۆسکۆ ئەنجامدا و لەگەڵ هەریەک لە سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا و ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا کۆبووەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند، سەردانەکەی راتکلیف "کارێکی ئاسایی بووە" و مەبەست لێی هۆشداریدان نەبووە بە رووسیا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر خاکی ناتۆ.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە راتکلیف لە کۆبوونەوەکەدا "هەڵسەنگاندنێکی تاریک و نەرێنی" لەبارەی دۆخی جەنگەکە پێشکەشی بۆرتنیکۆڤ کردووە و داوای لە رووسیا کردووە پێش ئەوەی دۆخەکەی خراپتر بێت، بگاتە رێککەوتنێک.
سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە کە راتکلیف گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بۆرتنیکۆڤ لایەنێکی بنیادنەرە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
گومانی ئۆکراینا لە نیازەکانی پووتین
بەرپرسانی ئۆکراینا گومانی زۆریان لە نیازەکانی پووتین هەیە و دەڵێن زانیاریی هەواڵگرییان هەیە کە نیشانی دەدات رووسیا پلانی بۆ پەرەپێدانی جەنگەکە هەیە.
پاڤلۆ پالیسا، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، رۆژی هەینی، بە رۆژنامەڤانانی گوت، پووتین فەرمانی بە سوپاکەی کردووە چەند سیناریۆیەکی ئۆپەراسیۆنی بۆ هێرشکردنە سەر باکووری ئۆکراینا ئامادە بکەن و شارەکانی کیێڤ و چێرنیهێڤیان وەک دوو ناوچەی سەرەکی دەستنیشان کردووە.
دانوستاندنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی ئیدارەی ترەمپ، لە نێوەڕاستی مانگی شوباتدا و دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران راگیران.
ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردەکانی کۆشکی سپی لە چەند مانگی رابردوودا بە جیا دانوستاندنیان لەگەڵ شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا ئەنجامداوە، بەڵام پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، رۆژی پێنجشەممە، بە میدیا خۆجێیەکانی وڵاتەکەی گوت، گفتوگۆکان لەگەڵ رووسیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا رەنگە لە مانگی ئەیلوولدا دەستپێبکەنەوە.
.avif&w=3840&q=75)


