رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە لافاوە وێرانکەرەکەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تیبتی سەر بە چین بێسەروشوێن بوون، گەیشتە نزیکەی سێ هەزار کەس، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری لەنێو قوڕولیتەدا بەدوای دۆزینەوەی رزگاربوواندا دەگەڕێن.
لافاوەکە رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە ناوچەی زنجیرەچیاکانی هیمالایا روویدا و بە لافاوێکی هاوشێوەی تسۆنامی ناوبراوە.
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان
بەگویرەی ئامارە فەرمییەکانی نیپاڵ و دەسەڵاتدارانی چین لە هەرێمی تیبت، تاوەکو ئێستا تەرمی 691 کەس دۆزراونەتەوە.
نیپاڵ رایگەیاند کە 2426 کەس، لەنێویاندا سەدان هاووڵاتیی بیانی، پەیوەندییان پچڕاوە و چارەنووسیان نادیارە؛ هاوکات گیانلەدەستدانی 675 کەسی پشتڕاستکردووەتەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین رایگەیاند کە لە هەرێمی تیبت 546 کەس بێسەروشوێنن و 16 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە 261 کەس لە بێسەروشوێنبووەکان هاووڵاتیی بیانین.
گیڕخواردنی زیاتر لە 100 کرێکار لەنێو تونێلەکاندا
پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 کرێکار لەنێو چەندین تونێلی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا گیریان خواردبێت.
سودان گورونگ، وەزیری ناوخۆی نیپاڵ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سوپای نیپاڵ توانیویەتی بۆرییەک بۆ نێو یەکێک لە تونێلەکانی وێستگەی کارەبای (تریشولی ئەی 3) رابکێشێت بە مەبەستی "ناردنی هەوا لەو رێگەیەوە بۆ ناوەوە."
ئەو کەسانەی گیریان خواردووە بەشێکن لەو 933 کرێکارەی پڕۆژەکانی کارەبا کە لە کاتی هاتنی لافاوەکەدا بێسەروشوێن بوون. هیندستان تیمێکی تایبەتمەندی 11 کەسی و چینیش تیمێکی 9 کەسیی شارەزای لە دروستکردنی تونێل بۆ هاوکاری رەوانە کردووە.
تێچووی ئاوەدانکردنەوە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت
شیشیر خانال، وەزیری دەرەوەی نیپاڵ گوتی، تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان رەنگە بگاتە "ملیاران دۆلار."
وەزیری دەرەوەی نیپاڵ گوتیشی، "ئێمە لێکۆڵینەوە لە قەبارەی زیانەکان دەکەین و دواتر پلان دادەنێین، بەڵام هاوکات داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین."
چاوەڕوانیی پڕ لە نیگەرانیی کەسوکاری قوربانییان
لە بنکەیەکی سەربازی لە شارۆچکەی بیدور لە نیپاڵ کە ناوەندی سەرەکیی فریاگوزارییە، خەڵک لە دەوری ئەو لیستە کۆبوونەتەوە کە ناوی رزگاربووانی لەسەر هەڵواسراوە.
کالکا شاردا، هاووڵاتییەکی نیپاڵی، لە کاتی گەڕان بەدوای ناوی کوڕەکەیدا لەنێو لیستەکە گوتی، "هاتووم بەدوای کوڕەکەمدا دەگەڕێم؛ ئەو کرێکاری وێستگەی کارەبا بوو، بەڵام ناویم نەدۆزیوەتەوە و دەسەڵاتدارانیش هیچ زانیارییەک نادەن."
هیندستان چاودێریی شاخە سەهۆڵینەکان دەکات
لەبەر ئەوەی هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە بۆ داڕمانی شاخە سەهۆڵینەکان دەگەڕێندرێتەوە، هیندستان چاودێریی ناوچەکانی هیمالایای هاوسنووری لەگەڵ چین و نیپاڵ چڕتر کردووەتەوە.
مەدان کاوشیک، وەزیری بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ویلایەتی ئوتاراکاندی هیندستان گوتی، "بەو پێیەی سنوورمان لەگەڵ نیپاڵ هەیە و لە رووی جوگرافییەوە لە یەکتری دەچین، داوامان لە بەشە پەیوەندیدارەکان کردووە چاودێریی وردی هەموو شاخە سەهۆڵینەکان و دەریاچە سەهۆڵینەکانی ناوچەکە بکەن."
هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سوور، نزیکەی 93 هەزار کەس لە نیپاڵ بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە. حکومەتی نیپاڵ داوای هاوکاریی دارایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کەرەستەی پشکنینی دی ئێن ئەی و ساردکەرەوەی هەڵگرتنی تەرمی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە.
ئەمریکا و کەنەدا رایانگەیاند کە هەر یەکەیان نزیکەی 3.6 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێشکەش دەکەن. بەریتانیا 6.8 ملیۆن دۆلار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش 2.5 ملیۆن دۆلاریان بۆ فریاگوزاریی بەپەلە تەرخانکردووە.
هەروەها یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی 2.3 ملیۆن دۆلاری داوە و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە و داوای کۆکردنەوەی 31 ملیۆن دۆلاری کردووە. هاوکات شی جینپینگ، سەرۆکی چینیش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری راگەیاندووە.



