رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی سەرکردایەتیی سەربازیی وڵاتەکەدا لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیار لەسەر "پلانەکانی رێکخستنەوەی پێکهاتەیی" لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا بە سەرۆکایەتیی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی ئەو وڵاتە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دراوە، کە تێیدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی وڵات کراوەتەوە.
ئاژانسەکە گوتی، نۆ کوانگ چۆل نەک تەنیا لە پۆستی وەزیری بەرگری دوورخراوەتەوە، بەڵکو لەنێو سەرکردایەتیی پارتی دەسەڵاتداردا پلەکەشی دابەزێندراوە بۆ "جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری بەشی پیشەسازیی تەقەمەنی"، کە ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییە لە پێگەی سیاسیی ئەو بەرپرسە.
کیم سۆنگ گی، کە پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسیی گشتیی سوپای گەلی کۆریای بەدەستەوە بوو و بەرپرس بوو لە دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی ئایدیۆلۆژیی سوپا، وەک وەزیری نوێی بەرگری دیاریکرا.
هەروەها پاک جۆنگ چۆن، کە گەورەبەرپرسێکی دیکەی سەربازی و راوێژکاری بەرگرییە و بە یەکێک لە ئەندازیارانی سەرەکیی بەرنامە مووشەکییەکانی پیۆنگیانگ دادەنرێت، پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازیی ناوەندیی پێدرا و وەک ئەندامی تەواوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەسەڵاتدار دیاریکرا.
لە راپۆرتێکی جیادا، ئاژانسەکە گوتی، لە رێوڕەسمێکی رۆژی شەممەدا، کیم ستایشی زانا، توێژەر و بەرپرسانی کردووە لە بەرامبەر پێشکەوتنە بەرچاوەکانیان لە تەکنەلۆژیای بەرگریدا و بەرزترین خەڵاتی نیشتمانیی پێبەخشیون.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا بەبێ دیاریکردنی جۆری سیستەمەکە گوتیشی، خەڵاتکراوەکان بەشدارییەکی گەورەیان کردووە لە "چارەسەرکردنی کێشە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی سیستەمی نوێی چەکی شەڕ".
لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیراندا، کیم خۆی سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکانی جۆرێکی نوێی مووشەکهاوێژی فرەلوولەیی و تۆپخانەی مەودا درێژی کرد، کە وەک پەیامێکی روون بۆ سیئۆل و واشنتن لێکدرایەوە.
مەشقە سێقۆڵییەکان
ئەو گۆڕانکارییانەی سەرکردایەتی دوای ماوەیەکی کەم لە کۆتاییهاتنی مەشقی هاوبەشی ساڵانەی نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا دێت، کە ئەمساڵ قەبارەکەیان کەمکرابووەوە.
ئەو مەشقانەی کە بەردەوام لەلایەن پیۆنگیانگەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ داگیرکاری و "کردەوەیەکی دوژمنکارانە" سەرکۆنە دەکرێن، ئەمساڵ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیدا کورت بکرێنەوە و کەمبکرێنەوە، بە وردی چاودێری دەکران وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.
ترەمپ، رەخنەی لە تێچووی زۆری مەشقەکان گرت وەک کارێکی ورووژێنەر بەرامبەر بە کۆریای باکوور و بە تووندی هێرشی کردە سەر سیئۆل بەهۆی ئەوەی بە گوتەی ئەو، "پشتگیریی لە شەڕەکەی نەکردووە دژی ئێران".
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ستایشی کیم، سەرۆکی کۆریای باکووری کرد، کە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی خۆیدا دووجار چاوی پێیکەوتبوو، هاوکات چاوی لە کۆبوونەوەیەکی سێیەمی لوتکەیە کە پێدەچێت لەمساڵدا بکرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکداماڵینی ئەتۆمی.
سەرەڕای هەوڵەکانی ترەمپ بۆ نزیکبوونەوە، کۆریای باکوور نیشانەیەکی کەمی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەوڵانە نیشانداوە و بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی چەندین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کورت مەودا و سەرکۆنەی ئەو مەشقە کەمکراوانەشی کردووە وەک "پێشێلکردنی رێککەوتنەکان".
پیۆنگیانگ هەروەها رەخنەی لە رەزامەندیی واشنتن گرتووە بۆ فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە کۆریای باشوور، لەوانەش فڕۆکەی ئێف-35، و پلانەکانی پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی کە بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کۆریای باکوور کۆدەکەنەوە.



