رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا بڕیاری دا لە رێگەی فەرمانگەی تاوانەکانەوە لێکۆڵینەوە و وردبینیی ئەمنی بۆ 5250 پەناخوازی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق بکات، کە داواکاریی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و دیپۆرتکردنەوەیان راگیراوە.
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026 ڤێرێنا شێفەر، وەزیری کۆچ و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن رایگەیاند، دەیانەوێ لێکۆڵینەوە لەو سکانداڵە بکەن کە لە شارەوانیی کۆڵن و کۆیسفێڵدی هەرێمەکە روویداوە، ئەوەش کاتێک شارەوانیی کۆڵن لە ساڵی 2024دا رەتیکردووەتەوە بەڵگەنامەی 500 پەناخوازی رەتکراوەی عێراقی و وڵاتانی بەڵکان ئامادە بکات بۆ ئەوەی دیپۆرت بکرێنەوە.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، پۆلیس و فەرمانگەی تاوانەکان وردبینی بۆ ناوی 6800 کەس دەکەن کە فەرمانی جێهێشتنی ئەڵمانیایان بۆ دەرچووە، لەو ژمارەیەش 5250 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستان و عێراقن و ئەوانی دیکە خەڵکی وڵاتانی بەڵکانن.
ڤێرێنا شێفەر، کە سیاسییەکی پارتی سەوزە، ئاماژەی بەوەش کرد، داوای هاوکاریی کارگێڕیی لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ ئەوەی پۆلیس لە نێو داتابەیسەکانیدا بەدوای ناوی ئەو کەسانەدا بگەڕێ و بزانرێت ئایا تاوانیان ئەنجامداوە یان نا. گوتیشی، "بۆ ئێمە گرنگە ئەو پەناخوازانەی کار دەکەن و لەگەڵ کۆمەڵگەدا گونجاون، مافی مانەوەیان هەبێت، بەڵام دەبێت دۆخی 45 هەزار کەس کە مافی (Duldung)یان لە هەرێمەکەمان هەیە، روون بێتەوە."
سکانداڵەکەی کۆڵن چۆن ئاشکرا بوو؟
فەرمانگەی کاروباری بیانییان لە کۆیسفێڵد لیستێکی بۆ فەرمانگەی کۆڵن ناردووە، بە مەبەستی رێکخستنی بەڵگەنامەی گەشت و دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی ناسنامەیان دیار نییە، بەڵام فەرمانگەکەی کۆڵن رێکارەکانی جێبەجێ نەکردووە.
دوای ئەوەی پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەو لیستە کرد کە 500 کەسی لەخۆ گرتبوو، دەرکەوت 152 کەس لەو لیستەدا لەو ماوەیەدا 568 تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، ئەمەش وایکرد حکومەتی هەرێمەکە بڕیاری پێداچوونەوەی گشتی بۆ دۆسیەی پەناخوازە عێراقییە رەتکراوەکان بدات.
زاراوەی (دۆڵدونگ) بەپێی یاسای مانەوەی ئەڵمانی، بە واتای راگرتنی کاتیی دیپۆرتکردنەوە دێت بۆ ئەو کەسانەی بە هۆکاری یاسایی، مرۆیی یان تەکنیکی ناتواندرێت لەو ساتەدا رەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.




