رووداو دیجیتاڵ دادگایەکی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا دادگاییکردنی خالید شێخ محەممەد، کە بە پلانداڕێژەری سەرەکیی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 دادەنرێ، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2028 دەستپێبکات. بەپێی بڕیاری دادوەری سەربازیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، مایکل شراما، دادگاییکردنی خالید شێخ محەممەد و سێ لە تۆمەتبارە هاوکارەکانی لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2028 دەست پێدەکات. دادوەرەکە داواکاریی داواکارانی گشتی بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە ساڵی 2027 رەتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە کاتی زیاتر بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەڵگەنامە جیاوازەکان. سێ تۆمەتبارە هاوکارەکەی دیکە کە ناویان لە بەڵگەنامەکانی دادگەدا هاتووە بریتین لە وەلید بن عەتتاش، عەلی عەبدولعەزیز عەلی و مستەفا حەوساوی. خالید شێخ محەممەد، کە ئەندازیارێکی دەرچووی زانکۆیەکی ئەمریکایە، لەگەڵ مستەفا حەوساوی لە ئاداری ساڵی 2003 لە پاکستان دەستگیرکران. خالید شێخ محەممەد لە ئەیلوولی ساڵی 2006ەوە لە زیندانی گوانتانامۆیە و پێشتر رایگەیاندبوو کە خۆی نێردراو و داڕێژەری بڕیار و جێبەجێکردنی نەخشەی "ئۆپەراسیۆنی 11ی سێپتێمبەر بووە لە ئەلفەوە تاوەکو یا". بەپێی تۆمەتەکان، خالید شێخ محەممەد خاوەنی پلان و بیرۆکەکە بووە و دواتر بیرۆکەکەی خستووەتە بەردەم ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ئەو کاتی رێکخراوی قاعیدە. هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی دانپێدانان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە گفتوگۆ لەنێوان داواکاری گشتی و پارێزەرانی خالید شێخ محەممەد و دوو تۆمەتباری دیکە، لە 31ی تەممووزی 2024 رێککەوتنێکی پێش دادگەیی واژۆکرا. بەپێی ئەم رێککەوتنە، تۆمەتباران دان بە تاوانەکانیاندا دەنێن (لەوانە کوشتنی نزیکەی 3000 کەس) و لە بەرامبەردا سزای کوشتن لادەبرێ و دەگۆڕدرێ بۆ زیندانی تاهەتایی بەبێ مافی ئازادکردنی مەرجدار. ئەم رێککەوتنە لەلایەن سووسان ئێسکالێر (جەنەراڵی خانەنشین و بەرپرسی دەستنیشانکراوی دادگەکانی سەربازی لە گوانتانامۆ) واژۆکرابوو، کە لەلایەن لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا دەستنیشان کرابوو. بەڵام ئۆستن تووشی سەرسوڕمان بوو کاتێک لە رێککەوتنەکە ئاگادار کرایەوە. دوو رۆژ دواتر، لە 2ی ئابی 2024، بە فەرمی رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتی ئێسکالێری لەم دۆسیەیەدا هەڵپەسارد. ئۆستن لە یاداشتنامەیەکدا نووسی کە بەهۆی گرنگیی بڕیارەکەوە، ئەو بەرپرسیارێتیە ناخاتە سەر شانی خۆی؛ هەروەها گوتی خێزانەکانی قوربانیان و گەلی ئەمریکا شایستەی ئەوەن کە شایەتی دادگەییکردنەکە بن، نەوەک تەنیا دانپێدانان بەبێ بەڕێوەچوونی دادگەییەکە. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە بووەهۆی ناڕەزایی لایەنگرانی رێککەوتنەکە و هەندێک لە خێزانەکانی قوربانیان، بەڵام هەندێکی دیکە پێشوازیان لێکرد چونکە دەیانویست سزای کوشتن بمێنێتەوە.دوای ئەوە زنجیرەیەک ململانێی یاسایی دەستیپێکرد. دادوەرێکی سەربازی دواتر بڕیاری دا کە رێککەوتنەکە کارا و بەهێزە و ئۆستن مافی هەڵوەشاندنەوەی نەبووە. دادگەی تێهەڵچوونەوەی سەربازییش پشتگیری لەم بڕیارە کرد، بەڵام حکومەتی ئەمریکا سکاڵاکەی بردە دادگەی فیدراڵی. لە تەممووزی 2025 (هاوینی رابردوو)، دادگای فیدراڵیی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کۆڵۆمبیا بڕیاریدا کە ئۆستن بە تەواوی مافی یاسایی هەبووە رێککەوتنەکە هەڵبووەشێنێتەوە. بەم بڕیارە رێککەوتنەکە بە تەواوی هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە گەڕایەوە بۆ دۆخی پێشوو، واتە ئەگەری سزای مەرگ جارێکی دیکە کرایەوە. ئێستا دۆسیەکە بەردەوامە و دادوەرێکی سەربازی لە ئابی 2026 بڕیاری دا کە دادگەییکردنی تەواوی خالید شێخ محەممەد و هاوکارەکانی لە مانگی حوزەیرانی 2028 دەست پێبکات. ئەم وادە نوێیەی دادگە لە کاتێکدایە، مانگی داهاتوو 25 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001، کە تێیدا فڕۆکەڕفێنەکان فڕۆکە بازرگانییەکانیان کێشا بە ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە شاری نیویۆرک و باڵەخانەی پێنتاگۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، لە کاتێکدا فڕۆکەیەکی دیکە کە رفێندرابوو لە کێڵگەیەکی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەیشەوە نزیکەی 3 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. زیندانی سەربازیی گوانتانامۆ شەش مانگ دوای ئەو هێرشانە کرایەوە تاوەکو تۆمەتبارانی تیرۆر تێیدا رابگیرێن، کە ئێستا تەنیا نزیکەی 15 زیندانی لەو گرتووخانەیەدا ماونەتەوە.