رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ، هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستاندنێک لەنێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەواوی بژارە سەربازی و سیاسییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی (فۆکس ئەند فرێندز) لە کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی رایگەیاند، سەرنجی سەرەکیی واشنتن لەم قۆناخەدا دروستکردنی گوشاری تووندی ئابوورییە بۆسەر ئێران تاوەکو تاران ناچار بێت بە شێوازێکی جیدی بێتە سەر مێزی دانوستاندن.
گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران
گوتەبێژی کۆشکی سپی تیشکی خستە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپ و گوتی: "ئامانجی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بریتییە لە زامنکردنی ئامانجی ئەوەی ئێران بە هیچ جۆرێک نەتوانێت بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لەم چوارچێوەیەدا، سەرەتا 'ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا'مان دەستپێکرد بۆ لەنێوبردنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە و ئێستاش 'ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری'مان دەستپێکردووە تاوەکو ئابوورییەکەیان داڕووخێنین."
لیڤیت روونی کردەوە کە ئێستا هیچ دانوستاندنێک بەڕێوەناچێت، ئەم دۆخەش تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە ترەمپ هەست بکات ئێرانییەکان بە شێوازێکی مانابەخش دێنە سەر مێزی دانوستاندن، ئەمەش شتێکە کە تاوەکو ئێستا رووینەداوە.
گەمارۆی دەریایی و سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ تەواوی بژارەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ئەمریکاش بۆسەر ئێران و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە.
ئەم لێدوانەی کۆشکی سپی دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دایە وڵاتان تاوەکو پەیوەندییە داراییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای ناڕاستەوخۆ دەبنەوە لە چوارچێوەی پلانی (گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران).
ئەم ساڵ واشنتن بە دوو قۆناخ زنجیرەیەک بڕیاری تووندی بەرامبەر تاران جێبەجێ کردووە.
قۆناخی یەکەم بریتی بوو لە هێرشی ئاسمانی و سەربازیی تووند لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا) و قۆناخی دووەم بریتییە لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و گوشاری ئابووری لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری).
تاران جەخت دەکاتەوە لەژێر گوشاردا ئامادەی دانوستاندن نییە، هاوکات ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر بڕینی دوایین سەرچاوەی داراییەکانی ئێران دەکاتەوە.


