رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین بە رووداوی راگەیاند، پەکین ئامادەیە کاری زیاتر بکات بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-8-2026 مەهدی فەرەج، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیژینگ لە ژانگ شیاوگانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چینی پرسی: "چین لایەنگری کەمکردنەوەی گرژییەکانە. ئێران هاوپەیمانی ئێوەیە. ئێران و گرووپەکانی عێراق کە لایەنگری ئێرانن 1000 هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەمە؟"
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ژانگ شیاوگانگ بە پەیامنێری رووداوی گوت: "چین ئامادەیە بەردەوام بێت لە پەیڕەوکردنی نێوەڕۆکی پێشنیازە چوار خاڵییەکەی سەرۆک شی جینپینگ و زیاتر پابەند بێت بە راگرتنی جەنگ و برەودان بە ئاشتی، کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی گرژییەکان و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە لەم پێناوەدا هەوڵی بێ وچان دەدەین".
ئەم گوتەی وەزارەتی بەرگریی چین لە کاتێکدایە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات دەستی پێکرد و یەکێک لەو شوێنانەش لە لایەن ئێران و هێزە نزیکەکانییەوە لە عێراق زۆرترین هێرشی کرایە سەر هەرێمی کوردستان بوو.
ئێران و چین پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وزەدا و چین سەرەکیترین کڕیاری نەوتی ئێرانە.


.jpg&w=3840&q=75)