رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی یۆنان رزگارکردنی زیاتر لە 150 کۆچبەریان لە نزیک دوورگەی کرێت راگەیاند. هاوکات، لە باکووری وڵاتەکە گرژی لەنێو کامپێکی پەناخوازاندا دروستبوو، کە بەهۆیەوە 5 کەس بریندار بوون و دەیان کۆچبەریش هەڵهاتن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەسینا (ANA) کە رۆژی یەکشەممە 23-08-2026 بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی 3 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 150 کۆچبەر لە ئاوەکانی باشووری یۆنان رزگارکراون.
تەنیا لە رۆژی هەینیدا، 131 کۆچبەر لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازدا لەلایەن کەشتییەکانی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) رزگارکران. هەروەها رۆژی شەممە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر توانی 33 کۆچبەری دیکە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا لە خنکان رزگار بکات.
وەزارەتی کۆچبەریی یۆنان ئاماژەی بەوە کردووە، کۆچبەرە رزگارکراوەکان بۆ ناوەندەکانی پێشوازی لە دوورگەکانی (لێسبۆس و سامۆس) دەگوازرێنەوە و دواتر رەوانەی خاکی سەرەکیی یۆنان دەکرێن.
دوای تووندکردنەوەی چاودێری لەسەر رێگەکانی تورکیا، قاچاخچییەکان رێگەیەکی مەترسیداریان گرتووەتەبەر، کە لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە (بەتایبەت ناوچەی تۆبروق) دەستپێدەکات بەرەو دوورگەکانی کرێت و گادڤۆس لە باشووری یۆنان. زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی پاکستان، ئەفغانستان، بەنگلادیش و سوودانی باشوورن.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلی کۆچبەران، دۆخی ناوەندەکانی نیشتەجێبوون ئاڵۆزیی تێکەوتووە. تەلەڤزیۆنی حکومیی یۆنان رایگەیاند، شەوی شەممە لە ناوچەی (سینتیکی) لە باکووری وڵاتەکە، گرووپێک لە پەناخوازان بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس.
لە ئەنجامی ئەو گرژییانەدا، 5 هاووڵاتی بریندار بوون، 14 کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، 41 کۆچبەر پەرژینی تەلی دڕکاویی ناوەندەکەیان بڕیوە و هەڵهاتوون (کە دواتر 17 کەسیان دەستگیرکراونەتەوە).
یۆنان وەک یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی گەیشتن بە یەکێتیی ئەوروپا، رووبەڕووی گوشارێکی زۆری کۆچبەری بووەتەوە، ئەمەش جاروبار دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پەناخوازان و هێزە ئەمنییەکاندا.



