رووداو دیجیتاڵ
بەهادین کەربۆرانی، هاوسەرۆکی سەنتەری کولتووریی کوردی لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا رایگەیاند، سەنتەرەکەیان وەک "هێلانەیەک و ناوەندێکی سەرەکی" کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و "ئامانجی سەرەکییان پاراستنی زمان و میراتی نەتەوەییە لە دیاسپۆرا".
هاوسەرۆکی سەنتەرەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دەڵێت، مێژووی سەنتەرەکە بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆڤید-19وە داخرا و دواتر لە ساڵی 2017 دووبارە کرایەوە.
کەربۆرانی گوتی: "ئێمە بیری نیشتمان دەکەین، لێرە کۆدەبینەوە تاوەکو چیرۆکەکانمان بگێڕینەوە، زمان و کولتووری کوردی و نیشتمانە شیرینەکەمان بپارێزین و بڵاوی بکەینەوە."
سەبارەت بە 10یەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەرەکە کە ساڵی داهاتوو دەبێت، بەهادین کەربۆرانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێکی گەورە لە مانگی ئایاردا دەکەن و بۆ رووماڵکردنی بانگهێشتی رووداویش دەکەن.
ماڵێک بۆ نەوەی نوێ و پاراستنی ناسنامە
بێخاڵ خەلیفە، ئەندامی بۆردی سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی، جەخت لە گرنگیی هەبوونی ناوەندێکی لەو شێوەیە دەکاتەوە و دەڵێت، "سەنتەرەکە وەک ماڵێکی ئارامە بۆ ئەو کوردانەی تازە دەگەنە ئەمریکا".
بێخاڵ خەلیفە دەڵێت: "کاتێک گەشت بۆ وڵاتێکی نوێ دەکەیت و هەموو شتێک لە نیشتمان جێدەهێڵیت، زۆر گرنگە شوێنێک هەبێت خزمەتگوزاریت پێشکێش بکات تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی کولتوور، زمان و دابونەریتەکانمان ون ناکەین و فێری نەوەی داهاتووی دەکەین."
خەلیفە باسی لەوە کرد، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی بۆ کارکردن لەم سەنتەرە، باوکی بووە کە پێشمەرگەیەکی ناسراوی کەرکووک بووە و هەمیشە ئەوانی بە خۆشەویستیی کوردایەتی گەورە کردووە.
نەورۆز، فێستیڤاڵی فیلم و فێربوونی زمان
سەنتەرەکە چەندین چالاکیی گەورە لە شاری شیکاگۆ رێکدەخات، لەوانە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی کە بە هاوکاری زانکۆی لۆیۆلا دەکرێن. بەهادین کەربۆرانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سەرماوە زۆرجار نەورۆز لە ناو هۆڵەکاندا دەکەن، بەڵام بەشدارییەکی زۆری کورد و نەتەوەکانی دیکە و دۆستانی کوردی لێ دەکرێت.
لە رووی پەروەردەییشەوە، سەنتەرەکە وانەی زمانی کوردی (کرمانجیی سەروو و خواروو) پێشكێش دەکات. کەربۆرانی ئاماژەی بە ئەپڵیکەیشنێکی نوێ کرد بە ناوی "کوردی فێربن" کە لەلایەن یەکێک لە ئەندامەکانیانەوە دروست کراوە بۆ فێربوونی کرمانجی و ئینگلیزی، هەروەها جەختی لە هاوکارییەکانیان لەگەڵ زانکۆی شیکاگۆ کردەوە بۆ دابینکردنی وانەی کوردی بۆ قوتابیان.
ئاڵنگارییەکان؛ لە بودجەوە تاوەکو نەبوونی دەوڵەت
بەرپرسانی سەنتەرەکە باس لەوە دەکەن کە کارەکانیان ئاسان نییە. بەهادین کەربۆرانی دەڵێت: "نەبوونی کوردستان لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان کارەکانمان قورس دەکات، زۆرجار خەڵک دەپرسن کوردستان لەکوێیە؟ ئەمە وامان لێدەکات دوو هێندە کار بکەین تا دەنگمان بگات."
بێخاڵ خەلیفەش ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین کێشەیان داراییە، چونکە سەنتەرەکە بە تەواوی لەسەر بنەمای خۆبەخشی کار دەکات و هیچ بودجەیەکی جێگیریان نییە؛ گوتیشی: "ئەندامەکانمان لە پارەی گیرفانی خۆیان دەبەخشن بۆ ئەوەی ئەم شوێنە بەڕێوە بچێت."
لۆبییەکی کوردی و پەیوەندی لەگەڵ واشنتن
سەنتەرەکە وەک دەنگێکی سیاسیی کورد لە ئەمریکا دەردەکەوێت. بەهادین کەربۆرانی رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سیناتۆرەکان و نوێنەرانی ویلایەتی ئیلینۆی هەیە.
کەربۆرانی دەڵێت: "ئێمە سەرچاوەکانمان بەکاردەهێنین بۆ پەیوەندیکردن بە سیناتۆر و نوێنەرەکان لە واشنتن دی سی بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە چی لە کوردستان دەگوزەرێت، بەتایبەت لەم رۆژانەدا کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبێتەوە."
لە کۆتاییدا، مەبەستی سەرەکیی سەنتەرەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک "متمانەپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا" بمێنێتەوە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کار بکەن بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوچەکە، هاوکات هەوڵەکانیان بۆ کڕینی باڵەخانەیەکی تایبەت بە سەنتەرەکە و دامەزراندنی ستاف بەردەوامن.



