رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری فاگستا لە باکووری رۆژئاوای ستۆکهۆڵم، کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر پۆلیس رایگەیاندبوو دوو قوتابی بە سەختی بریندار بوون.
هێزە ئەمنییەکان کاژێر 2:06ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ (کاژێر 03:06ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) لە لایەن قوتابخانەی ئامادەیی برینێل پەیوەندییان پێوەکرا. پۆلیس رایگەیاند، گومانلێکراوێکی تەمەن 18 ساڵانیان دەستگیر کردووە کە ئێستا لە زیندانە.
گوتەبێژێکی پۆلیس لەمبارەیەوە گوتی: "دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەمان پێگەیشت، هەموو سەرچاوە و هێزە بەردەستەکانمان رەوانەی قوتابخانەکە کرد؛ ئێستا ئیدی هیچ مەترسییەک لەسەر هاووڵاتییان نەماوە."
کەناڵی فەرمیی سوێد (SVT) لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە کەسی دەستگیرکراو قوتابیی پێشووی هەمان قوتابخانە بووە و پێشینەی تاوانکاریی وەک "هێرشکردن و لێدان"ی هەبووە.
یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەکە باسی ئەو ساتە ترسناکە دەکات و دەڵێت: "قوربانییەکم بینی کە شوێنەواری برینی قورس لە جەستەیدا هەبوو، دواتر هەموو پێکەوە لە ترسان لەوێ رامانکرد."
بەهۆی ئەم هێرشەوە، سەرجەم قوتابخانەکانی دیکە و باڵەخانە گشتییەکانی شاری فاگستا داخران و پۆلیس دەستی بە پشکنینی ووردی کامێراکانی چاودێری کردووە.
کاردانەوەی حکومەتی سوێد
ئۆڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد، لە پەیامێکدا رووداوەکەی بە "مەترسیدار" ناو برد کە دوای پشووی هاوینە روویداوە.
سەرۆکوەزیرانەکە گوتی: "هێشتا بە ووردی نازانین پاڵنەری پشت ئەم کارە چییە، بەڵام پۆلیس بە چڕی کار دەکات؛ هاوسۆزیمان بۆ هەموو زیانلێکەوتووان هەیە."
قوتابخانەی ئامادەیی برینێڵ نزیکەی 450 قوتابیی تەمەن 16 بۆ 20 ساڵی تێدایە.
ئەم هێرشە تەنیا یەک ساڵ دوای تەقەکردنە خوێناوییەکەی قوتابخانەی شاری ئۆرێبرۆ دێت لە نێوەڕاستی سوێد، کاتێک چەکدارێک 10 کەسی کوشت و دواتر خۆشی کوشت؛ ئەوە بە خراپترین و کوشندەترین رووداوی تەقەکردنی هەڕەمەکی لە مێژووی سوێددا تۆمارکراوە.
ئێستا ئەم هێرشە نوێیەی بە شمشێر کراوە، جارێکی دیکە ترسی خستووەتە ناو ناوەندە پەروەردەیییەکانی ئەو وڵاتە.



