رووداو دیجیتاڵ
چین بەفەرمی داواکارییەکی ئەمریکای بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران رەتکردەوە و رایگەیاند، قورسکردنی سزا و زیادکردنی گوشارەکان ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر ناکەن. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ واشنتن کە هۆشداریی دابووە وڵاتان و گوتبووی: "یان لەگەڵمانن یان دژمانن."
رۆژی هەینی، 21ـی ئابی 2026، لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیژینگ رایگەیاند: "سزا و گوشارەکان هیچ هاوکارییەک پێشکەش بە چارەسەرکردنی ململانێکان ناکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، لەجیاتی پەنابردن بۆ سزای ئابووری، بە هەنگاوی بەرپرسیارانە و لە رێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
واشنتن: یان لەگەڵمانن یان دژمانن
ئەم هەڵوێستەی چین دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران تووندتر کردووەتەوە. سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی (سی ئێن بی سی) راگەیاند، ئەوان پلانێکیان هەیە بۆ "گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران تاوەکو ئاستی رووخانی دەسەڵاتەکە."
بیسێنت هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی هاوپەیمانانی وڵاتەکەی و کڕیارانی نەوتی ئێران (بە پلەی یەکەم چین) کرد و گوتی: "لە پرسی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێراندا، یان لەگەڵمانن یان دژمانن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە "بەهێزترین گۆشەگیریی ئابووری دەبێت لە مێژوودا."
تاران: ئەمریکا قەیرانی ناوخۆیی دەشارێتەوە
لەبەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پلانەکەی ئەمریکای بە "هەوڵێک بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر قەیرانە ناوخۆییەکانی واشنتن" ناوبرد.
عێراقچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمریکا دەیەوێت بەم هەڵایە قەرزە بێپێشینەکانی وڵاتەکەی بشارێتەوە." جەختیشی کردەوە کە دووبارەکردنەوەی سیاسەتە شکستخواردووەکان، تەنیا "دوژمنکاریی ئێرانییەکان" زیاتر دەکات.
بۆچی چین گرنگە؟
چین لەکاتێکدا دژایەتیی سزاکانی ئەمریکا دەکات کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کڕیاری سەرەکیی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەیە. بەیژینگ بەردەوام بەرهەڵستی سزای یەکلایەنەی ئەمریکا دەکات و پێیوایە دیالۆگ تەنیا رێگەی دەستەبەرکردنی ئاسایشە لە ناوچەکەدا.
شارەزایان پێیانوایە بەبێ هاوکاریی چین، پلانەکەی ئەمریکا بۆ "گۆشەگیریی تەواوەتیی ئابووریی ئێران" دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت، چونکە بەیژینگ وەک شاخوێنێکی دارایی بۆ تاران ماوەتەوە.

