رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، لە رێگەی قورسکردنی سزا ئابوورییەکانەوە گوشاری زیاتر دەخەنە سەر ئێران تاوەکو ئاستی رووخانی دەسەڵاتەکە.
پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە کەناڵی (سی ئێن بی سی) ئەمریکی راگەیاند: " سزاکان بەشیوەیەک کاریگەریان لەسەر ئێران دەبێت کە رژێمەکە دەڕوخێنێ."
بێسێنت گوتی: " سزاکان بەهێزترین دابڕین و گۆشەگیرکردنی ئابووریی رێکخراو دەبن لە مێژوودا؛" باسی لەوەشکرد، دوای جێبەجێکردنی پلانەکە بە تەواوی، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بژارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەهێز، زۆر کەم دەبێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی ئاڕاستەی هاوپەیمانانی واشنتن کرد و رایگەیاند، لە پرسی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێراندا "یان لەگەڵمانن یان دژمانن".
لەبارەی گوشارخستەسەر چین کە کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەشێک لە گفتوگۆکان باشترە بە نهێنی بمێننەوە، بەڵام داوای لە بەیژینگ کرد کە هاوکاری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بێت.
سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران
یەکەم سزاکان لە تشرینی دووەمی 1979ـەوە دەستیانپێکرد، کاتێک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و 52 دیپلۆمات و هاووڵاتیی ئەمریکی دەستبەسەر کران، بەڵام لە کانونی دووەمی 1981، دوای ئازادکردنی بارمتەکان، زۆربەی ئەو سزایانە هەڵگیران.
لە ساڵی 1984دا ئەمریکا، ئێرانی وەک وڵاتێکی پشتگیریکاری تیرۆر ناساند و سزای نوێی بەسەریدا سەپاند.
لە ساڵی 1987دا سزاکان لەبەر بەردەوامی "پاڵپشتی ئێران بۆ تیرۆر" فراوانتر کران (قەدەخەکردنی هاوردەی کاڵای ئێرانی و هەندێک سنووردارکردنی دیکە).
لە ساڵانی 1995–1996سزای تووندتر خرایە سەر کەرتی نەوتی ئێران، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دەدات.
لە ساڵانی 2010-2006 سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خرانە سەر ئێران، چونکە ئێران بەردەوام بوو لە پیتاندنی یۆرانیۆم و لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هاوئاهەنگی نەدەکرد.
2018 ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران واژۆکرا. ئیدارەی ترەمپ لە هەمان ساڵدا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و قورستری کردن و ناوی نا (هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار)
سزاکان چی دەگرنەوە؟
سزاکان بە شێوەیەکی فراوان ئەم بوارانە دەگرنەوە:
• کەرتی نەوت و گاز (هەناردەکردن، فرۆشتن، گواستنەوە)
• بانک و سیستمی دارایی (دەستڕاگەیشتن بە سیستمی نێودەوڵەتی)
• پیشەسازیی سەربازی و مووشەکی
• بەرنامەی ئەتۆمی
• سوپای پاسداران و گرووپە پەیوەندیدارەکان
• کەشتی و کۆمپانیاکانی گواستنەوە
• کەرتەکانی دیکە وەک کانزا، پترۆکیمیا و بازرگانی
• سزای تاکەکەسی لەسەر بەرپرسان بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتگیری لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و پێشێلکردنی سزاکان

