لە چەقی گەلەستێرەکەماندا، رێگەی کاکێشان، چاڵێکی رەشی زەبەلاح و برسی هەیە هەموو ئەو شتانە قووت دەدات کە لێی نزیک دەبنەوە. بەڵام نوێترین وێنە و زانیارییەکانی تەلەسکۆپی پێشکەوتووی جەیمس وێب دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاشکرا دەکەن: لە نزیک ئەم چاڵە رەشە مەترسیدارەدا، ئەستێرەیەک خەریکە دەمرێت و هێشتا بەردەوامە لە دەرکردنی ماددە و ئاو بۆ نێو بۆشایی ئاسمان!
نهێنیی مەرگی ئەستێرەکان
کاتێک ئەستێرەکان دەمرن، هەموویان وەک یەک ناتەقنەوە بۆ ئەوەی ببنە هەورە گاز و رووناکییەکەیان لە گەلەستێرەکانیش زیاتر بێت.
بەڵکو ئەو ئەستێرانەی قەبارەیان نزیکەی 8 هێندەی خۆرە، کاتێک پیر دەبن، گەورەتر دەبن، رەنگیان سوور هەڵدەگەڕێت و سارد دەبنەوە.
هێواش هێواش بەرگەکانی دەرەوەیان فڕێدەدەنە نێو بۆشایی ئاسمان، تاوەکو لە کۆتاییدا دەبنە جۆرە ئەستێرەیەکی بچووک و چڕ کە پێی دەگوترێت کورتەباڵای سپی (White Dwarf) کە رەنگە لە داهاتوودا ببنە ئەڵماس لە ئاسماندا.
"مەرگی ئەستێرەکان ژیان دروست دەکات، تەنانەت ئێمەش، چونکە ئێمە لە پاشماوەی ئەستێرەکان دروست کراوین."
دۆزینەوەیەکی شۆکهێنەر
ئێستا بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی جەیمس وێب، زانایان توانیویانە لە یەکێک لە سەختترین و مەترسیدارترین ناوچەکانی گەردووندا، گرنگترین پاشماوەی ئەستێرەکان بدۆزنەوە، کە پێکهاتووە لە ئاو، تۆز و ماددە کیمیاییەکانی دیکە.
"چەقی گەلەستێرەکان سەختترین ناوچەی گەردوونن، بۆیە دۆزینەوەی ئەوەی کە ئایا ئەستێرەکان دەتوانن لەوێشدا پاشماوەکانیان بڵاوبکەنەوە یان نا، پرسیارێکی زۆر گرنگە."
ئەستێرەی IRS 3
زانایان سەرنجیان خستە سەر ئەستێرەیەکی درەوشاوە بەناوی (IRS 3) کە لە قۆناخی کۆتایی ژیانیدایە. ئەم ئەستێرەیە بە خێرایی 15 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا، بەرگەکانی دەرەوەی فڕێدەداتە نێو بۆشایی ئاسمانەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی تۆپەڵێکی گەورەی تۆز و زریوە لە دەوروبەری.
شتە سەرسوڕهێنەرەکە ئەوەیە، ئەم ئەستێرەیە زۆر نزیکە لە چاڵە رەشە زەبەلاحەکەی نێوەڕاستی گەلەستێرەکەمان (Sagittarius A*)، کە تەنیا نیو ساڵی رووناکی لێیەوە دوورە. زانایان هەمیشە گومانیان هەبوو کە ئایا ئەم پرۆسەی دەرکردنی ئاو و ماددە کیمیاییانە دەتوانێت لە نزیک چاڵێکی رەشی وا گەورە رووبدات؟
تایبەتمەندییە زانستییەکانی ئەستێرەکە
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، رەنگە ئەم ئەستێرەیە لە بنەڕەتدا 16 ساڵی رووناکی لە چەقی گەلەستێرەکەوە دوور بووبێت و بە تێپەڕبوونی کات هاتبێتە نزیکی چاڵە رەشەکە:
گرنگیی دۆزینەوەکە چییە؟
"ئەمە یەکەمجارە بتوانین بە وردی پێکهاتەی کیمیایی ئەم ئەستێرەیە بخوێنینەوە. دۆزینەوەی ئاو لەوێ زۆر جێگەی دڵخۆشییە، چونکە نیشانی دەدات کە پێکهاتەکان دەتوانن لە شوێنێکدا بمێننەوە کە پڕە لە تیشکی مەترسیدار و کوشندە."
لە کۆتاییدا گارسیا دەڵێت: "ئەمە پێمان دەڵێت کە تەنانەت لە نزیک چاڵە رەشێکی زەبەلاحیشدا، ئەستێرەکان دەتوانن بەردەوام بن لە فڕێدانی ماددە و بەشداریکردن لە دروستکردنی ژینگەی دەوروبەریاندا."


