رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هاندیکاپی نێودەوڵەتی رۆژی دووشەممە هۆشداریی دا کە کەمکردنەوەی بەرچاوی بودجەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەریی "راستەوخۆ و سەختی" لەسەر ژیانی ملیۆنان خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرتاسەری جیهان دروست کردووە و ژیانی زۆربەیانی خستووەتە مەترسییەوە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رووبەڕووی "گەورەترین پاشەکشەی هاوکارییەکان لە مێژووی نوێدا" بوونەتەوە. ئەم بڕینانە بوونەتە هۆی "پەراوێزخستنی زیاتر، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر مانەوەیان لە ژیان."
راپۆرتەکە ئاماژەی بە ئامارەکانی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری کردووە، پار هاوکارییە گەشەپێدەرە فەرمییەکان 23٪ کەمیانکرد، کە ئەمە گەورەترین دابەزینە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوەتەی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەسەڵات، پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە بودجەی هاوکارییەکانیان بڕیووە، بەڵام وڵاتانی دیکەی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنساش بە هەمانشێوە بودجەی پڕۆژە مرۆییەکانیان کەم کردووەتەوە.
راگرتنی پڕۆژەکان و مەترسیی داخستن:
ئەم راپۆرتە پشتی بە راپرسییەک بەستووە کە لەناو 177 رێکخراوی پشتیوانیکار لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە 35 وڵاتی جیاوازدا کراوە. دەرەنجامەکان بەم شێوەیەن:
79٪ی رێکخراوەکان رووبەڕووی بڕینی بودجەی زۆر بوونەتەوە.
72٪ی رێکخراوەکان ناچار بوون لانیکەم یەک پڕۆژە یان چالاکییان رابگرن یان هەڵیوەشێننەوە.
14٪ی رێکخراوەکان دەڵێن، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، مەترسیی داخستنی هەمیشەیییان لەسەرە.
دانیال سودا-لانگ، بەرپرسی رێکخراوی های لە سویسرا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەر بڕینێکی بودجە لێکەوتەی مرۆیی هەیە؛ دەکرێت خەڵک لە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی، پەروەردە، تەندروستی و ئەو پاڵپشتییانەی بۆ سەربەخۆیی ژیانیان پێویستن، بێبەش بکات."
ژن و منداڵ؛ قوربانییانی سەرەکی
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە زیانەکان بە یەکسانی دابەش نەبوون؛ بەڵکو منداڵان، ژنان و بەساڵاچووانی خاوەن پێداویستی تایبەت زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر رووبەڕووی تووندوتیژیی رەگەزی دەبنەوە، لە کاتێکدا منداڵان بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی خۆراک و پەروەردە، رووبەڕووی مەترسیی دابڕان لە خوێندن و کێشەی گەشەی جەستەیی دەبنەوە.
رێکخراوەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستبەجێ بجوڵێت و ئەم ئاستە پێچەوانە بکاتەوە بەرلەوەی کاریگەرییەکانی بگەنە ئاستێک کە چیتر چارەسەر نەکرێن.


