رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 240 رۆژە بەبێ وەستان واتە نزیکەی نۆ مانگە، دەریاوانە ئەمریکییەکانی سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) لە دەریادان بۆ پشتیوانیکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران. بەهۆی ئەم مانەوە درێژخایەنەوە، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، باری دەروونیی سەربازەکان تێکچووە و کێشەی کەمیی پێداویستییان هەیە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە ئەو ماوەیە شتێکی ئەوتۆ نییە باس بکرێت، بەڵکو زۆر کەمە."
ترەمپ چی دەڵێت؟
رۆژی هەینی پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ نیویۆرک، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رەتی کردەوە کە خێزانی سەربازەکان هیچ گلەییەکیان لە درێژبوونەوەی ماوەی مانەوەی کەسوکارەکانیان لە دەریا هەبێت و گوتی: "ئەو کەشتییە لەم نزیکانەدا شوێنەکەی بە کەشتییەکی دیکەی هاوشێوە پڕدەکرێتەوە،" بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئەو ماوەیەی تێیدا ماونەتەوە، "هێشتا زۆر کەمە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە سەرەتای ئەم خولەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەڵێنی دابوو ئەمریکا نەخاتە نێو شەڕی درێژخایەن و پڕتێچووەوە. لە سەرەتای شەڕی ئێرانیشدا، کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دەستی پێکرد، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانی دەیانگوت شەڕەکە تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، بەڵام ئێستا پێی ناوەتە مانگی شەشەمەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، ترەمپ بە گاڵتەوە گوتی، بەم زووانە "تەنگەی هورمز وەک خاکی ئەمریکا رادەگەیێنێت" و راشیگەیاند، هەرگیز داوای لێبوردن ناکات لەسەر ئەو شەڕە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چونکە "کارێکی دروستی کردووە."
کاردانەوەی دیموکراتەکان و دۆخی نێو کەشتییەکە
ئەم دۆخە تووڕەیی دیموکراتەکانی لە کۆنگرێس لێ کەوتووەتەوە و داوای روونکردنەوە لە پێنتاگۆن دەکەن لەسەر رەوشی تەندروستی، پاکوخاوێنی و خۆراکی نێو کەشتییەکە، هەروەها دەیانەوێت بزانن سەربازەکان تاوەکو کەی لەوێ دەمێننەوە. جەیسن کرۆو، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کە پێشتر لە عێراق و ئەفغانستان سەرباز بووە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ترەمپ هیچ باکێکی بە سەربازەکانمان و خێزانەکانیان نییە."
هەرچەندە هێزی دەریایی ئەمریکا رەتی دەکاتەوە کە رێژەی هەوڵدانی خۆکوشتن لەنێو کەشتییەکەدا زیادی کردبێت، بەڵام ئامادەش نین هیچ ئامارێک بڵاو بکەنەوە. بەرپرسێک باسی لەوە کردووە، لە سەرەتای مانگی ئابدا دەریاڤانێک لە کەشتییەکە کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە و دواتر رزگار کراوە و گوێزراوەتەوە بۆ شوێنی وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام ئامادە نەبوو بڵێت ئایا ئەو کەسە هەوڵی خۆکوشتنی داوە یان نا. پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەموو ئەو راپۆرتانە رەتدەکەنەوە کە باس لە خراپیی دۆخی نێو کەشتییەکە دەکەن.
گەمارۆی سەر ئێران بەردەوامە
سەرەڕای ئەوەی لەم چەند هەفتەیەی دواییدا پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەمێک هێور بووەتەوە، بەڵام هێزی دەریایی ئەمریکا جارێکی دیکە گەمارۆی خستووەتەوە سەر بەندەرەکانی ئێران لە تەنگەی ستراتیجیی هورمز. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان دەتوانن بۆ "کاتێکی نادیار و بێسنوور" بەردەوام بن لە گەمارۆدانی ئەو بەندەرانە و تاوەکو ئێستاش حکومەتی ترەمپ هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە کە چۆن دەیەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت.



