رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی دادی یەکێتیی ئەورووپا (Eurojust) رایگەیاند، عێراق بووەتە هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو. ئاشکراشی دەکات کە رێککەوتنێکی نوێی کارکردن لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی دادوەری و سزادانی ئەو چەکدارە بیانییانەی داعش کە تێوەگلاون لە تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆساید.
نووسینگەی راگەیاندنی ئاژانسی دادی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو، رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنی کارکردنەی لەگەڵ سەنتەری نیشتمانیی عێراق بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی واژۆکراوە، 13ـەمین رێککەوتنی لەو شێوەیەیە لەگەڵ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتییەکە." ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تاوانە مەترسیدارەکان سنوور ناناسن، بۆیە هاوکاریی دادی نێودەوڵەتی، لەم کاتەدا لە هەر کاتێک گرنگترە.
چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لێپرسینەوە
بەگوێرەی وەڵامی ئاژانسەکە بۆ رووداو، ئەم رێککەوتنە کە لە 30ـی حوزەیرانی 2026 واژۆکراوە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، رێگە بە داواکارانی گشتیی ئەورووپا دەدات دەستیان بە هاوتا دادوەرییە باوەڕپێکراوەکانیان لە عێراق بگات. ئەمەش پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان خێراتر دەکات و هاوئاهەنگیی نێوان داواکارانی گشتی باشتر دەکات بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی پەیوەندییان بە هەردوولاوە هەیە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ئەیلوولی 2024 تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) داخرا، لەو کاتەوە سەنتەری نیشتمانیی عێراق بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی بووەتە سەرچاوە و کۆگای سەرەکیی بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش.
بەڵگەکان بۆ سزادانی چەکدارە بیانییەکان
ئاژانسی دادی ئەورووپا جەخت دەکاتەوە کە ئەو بەڵگانەی ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن، بریتین لە شایەتحاڵیی قوربانییان، زانیارییە دیجیتاڵییەکان و ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان. ئەمانەش بنەڕەتین بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا بتوانن "چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان بە تۆمەتی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆساید رووبەڕووی دادگا بکەنەوە."
مایکڵ شمید، سەرۆکی ئاژانسی دادی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا رایگەیاندووە: "ئەزموون پێشانی داوە کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەتەنیا لە پرۆسەی لێپرسینەوە لە تاوانە تیرۆریستییەکان سەرکەوتوو بێت." هاوکات دادوەر عەلی حوسێن چەفات، نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی متمانەی دوولایەنەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی "دەربازبوون لە سزا."
تەنیا تیرۆر نییە؛ تاوانی رێکخراویش دەگرێتەوە
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، ئاژانسەکە ئاشکرای دەکات کە هاوئاهەنگییەکە تەنیا بۆ پرسی تیرۆر نییە، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەندامانەی پێشووی داعشیش دەگرێتەوە کە ئێستا تێوەگلاون لە تاوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی، وەک قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، کە وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی داهاتی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بەکاری دەهێنن.
ئاژانسی دادی ئەورووپا داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، بۆ هەر داواکارییەکی زانیاری یان هاوکاریی یاسایی لەگەڵ عێراق، راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاژانسەکەوە بکەن تاوەکو لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە کارەکان رێکبخرێن.



