رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن بەرپرسانی نەرویجەوە تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دراون، لە 20 ساڵی رابردوودا رەوشی پەناخواز و پەنابەران لەو وڵاتە باشتر بووە؛ جیاوازی و کەلێنی نێوان پەناخواز و پەنابەران لەگەڵ هاووڵاتییانی رەسەنی نەرویج لە رووی کارکردن، خوێندن و بوارەکانی دیکەدا کەمبووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، پەناخواز و پەنابەرانی عێراقی و چەند وڵاتێکی دیکەی دراوسێی، هێشتا رێژەی دامەزراندن و کارکردنیان نزمترە بەراورد بە هاووڵاتییانی نەرویجی و تەنانەت پەنابەرانی دیکەش.
ئاماری کارکردنی پەناخوازان لە نەرویج (تەمەنی 20 بۆ 66 ساڵ):
بەپێی دوایین ئامارەکانی دەستەی ئاماری نەرویج بۆ کۆتایی ساڵی 2025 کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی تێکەڵکردن و فرەچەشنیی نەرویج (IMDi) بۆ ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆری دیسکی نێودەوڵەتیی رووداو نێردراون:
• هاووڵاتییانی رەسەنی نەرویجی: 79.5٪ـیان کار دەکەن.
• تێکڕای هەموو پەناخوازان: 67.5٪ـیان کار دەکەن.
• پەناخوازانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان: 64.2٪ـیان کار دەکەن.
• پەناخوازانی تورکیا و باکووری کوردستان: 55.8٪ـیان کار دەکەن.
• پەناخوازانی عێراق و باشووری کوردستان: 52.9٪ـیان کار دەکەن.
• پەناخوازانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان: 47.4٪ـیان کار دەکەن.
سەبارەت بەو پەناخواز و پەنابەرانەی خەڵکی عێراق و باشووری کوردستانن، رێژەی کارکردن لەنێو پیاوان 56.7٪ـە و لەنێو ژنانیش 48.2٪ـە. ئێستا نزیکەی 11 هەزار و 243 لەو پەناخواز و پەنابەرە عێراقییانەی لە تەمەنی کارکردندان، خاوەنی کارن.
کێشەی عێراقی و سووریاییەکان چییە؟
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە پەناخواز و پەنابەرانی عێراق و سووریایی زۆر لە خوار تێکڕای ئاستی کارکردنی پەناخوازانی دیکەوەن.
لین فۆین تارکلسن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تێکەڵکردن و فرەچەشنیی نەرویج بە رووداوی گوت، حکومەتی نەرویج چاودێریی زیاتر لە 30 پێوەر دەکات وەک خوێندن، کار، داهات و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی. کێشە هەرە گەورەکانی بەردەم پەناخوازان بریتین لە:
• نەبوونی بڕوانامە یان داننەنان بە بڕوانامەکانیان.
• لاوازیی زمانی نەرویجی.
• نەبوونی ناسیاو و پەیوەندی لە بازاڕی کارد
• کێشەی تەندروستی و جیاکاری.
سەرەڕای ئەم کێشانە، بەرپرسە نەرویجییەکە بۆ رووداوی روون کردەوە کە دۆخەکە بەگشتی "بەرەو باشبوون دەڕوات،" بەتایبەتی بۆ منداڵانی پەنابەران کە لە نەرویج لەدایکبوون؛ ئەوان باشتر لە باوانیان تێکەڵ بە کۆمەڵگە بوون، بەتایبەتی کچەکان و ژنانی گەنج کە لە رووی خوێندن و پەیداکردنی کارەوە زۆر سەرکەوتوون.
بۆچی ئاماری تایبەت بە کورد نییە؟
بەڕێوەبەرایەتییی (IMDi) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ئامارەکانیان لەسەر بنەمای "وڵاتی بنچینە" کۆدەکەنەوە، نەک لەسەر بنەمای نەتەوە، هەر لەبەر ئەمەشە ئامارێکی جیایان نییە کە بەدیاریکراوی پیشانی بدات رەوشی پەناخواز و پەنابەری کورد لە نەرویج چۆنە.
دەقی پرسیار و وەڵامە نووسراوەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و گوتەبێژی (IMDi):
رووداو: بەڕێوەبەرایەتییەکەتان چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونی گشتیی تێکەڵبوونی پەنابەران لە نەرویج لە دوو دەیەی رابردوودا دەکات؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: هەڵسەنگاندنی گشتییمان ئەوەیە کە تێکەڵبوونی پەنابەران لە نەرویج بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی ئەرێنی گەشەی کردووە، هەرچەندە ئاڵنگاریی گرنگ ماوە. راپۆرتی ساڵانەی پێوەرەکانی تێکەڵبوون کە لە لایەن (IMDi)ـەوە بڵاودەکرێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بۆشاییەکانی نێوان پەنابەران و دانیشتووانی دیکە لە زۆر بواری سەرەکیدا کەمبوونەتەوە، وەک کار و خوێندن. منداڵێکی زۆرتر کە باکگراوەندی پەنابەرییان هەیە دەچنە باخچەی ساوایان و خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکەن. زیادبوونێک لە بەشداری لە خوێندنی باڵادا لەنێو ئەو کەسانەی باکگراوەندی پەنابەریان هەیە بەدی دەکرێ، بەتایبەتی ئەو منداڵە پەنابەرانەى لە نەرویج لەدایک بوون، ئەنجامی باشیان لە خوێندن و کاردا هەیە.
رووداو: ئەو پێوەرە سەرەکییانە چین کە بەڕێوبەرایەتییەکە بەکاریان دەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا پەنابەران بە سەرکەوتوویی تێکەڵی کۆمەڵگەی نەرویجی بوون؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: لەسەر بنەمای چوارچێوە و پێشنیازە نەرویجی و نێودەوڵەتییەکان، ئێمە کۆمەڵێک پێوەرمان دەستنیشان کردووە کە ساڵانە نوێ دەکرێنەوە. ئەم پێوەرانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای داتای تۆمارکراون کە تەواوی دانیشتووان، چ ئەوانەی لە وڵات لەدایک بوون یان ئەوانەی لە دەرەوە لەدایک بوون، دەگرێتەوە. بەڵام هەندێک پێوەر لەسەر بنەمای چەندین راپرسییە کە لەنێو دانیشتوواندا ئەنجام دراون. بە کۆی گشتی زیاتر لە 30 پێوەر هەن، کە بۆ پێنج بوار دابەش کراون:
خوێندن (بۆ نموونە رێژەی بەشداری لە هەموو قۆناخەکاندا، لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پەروەردەی گەوران).
بازاڕی کار.
داهات و دۆخی ژیان.
تێکەڵبوونی سیاسی (کە بۆ نموونە رێژەی بەشداری لە دەنگدان و متمانە بە دامەزراوەکان دەگرێتەوە).
تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی (کە هەڵوێست بەرامبەر کۆچ و ئەزموونی پێوەندی، هەروەها جیاکاری دەگرێتەوە).
رووداو: دۆزینەوەی کار و شارەزایی لە زمانی نەرویجیدا تا چەند گرنگن بۆ گەیشتن بە تێکەڵبوونێکی سەرکەوتوو؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: رێکارە سەرەکییەکانی تێکەڵبوون لە نەرویج لە لایەن "یاسای تێکەڵبوون"ـەوە رێکخراون. مەبەستی یاسای تێکەڵبوون ئەوەیە دڵنیابێتەوە پەنابەران لێهاتوویی زمانی نەرویجی، زانیاری لەسەر کۆمەڵگەی نەرویجی، بڕوانامە فەرمییەکان، و پەیوەندییەکی سەقامگیر/درێژخایەن لەگەڵ بازاڕی کاری نەرویجیدا بەدەست دەهێنن. هەرچەندە کارکردن وەک تاکە فاکتەری هەرە گرنگ بۆ تێکەڵبوونی سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت، بەڵام لێهاتوویی زمانی نەرویجی بە بنەڕەت دادەنرێ. لێهاتوویی زمان پەیوەندی بە ئەنجامی باشتر لە کارکردندا هەیە، بەڵام جگە لەوەش بە شێوەیەکی ئەرێنی بەستراوەتەوە بە تێکەڵبوون لە خودی خۆیدا، چونکە متمانە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری لە کۆمەڵگەدا بەهێز دەکات.
رووداو: گەورەترین ئەو ئاڵنگارییانە چین کە نەرویج لە تێکەڵکردنی پەناخوازان رووبەڕووی بووەتەوە و کام گروپانە بەردەوام رووبەڕووی گەورەترین بەربەست دەبنەوە بۆ بەشداری لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: پەنابەران گروپێکی یەکجار فرەچەشنن. جگە لەوەش، ئەنجامەکانی تێکەڵبوون بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێوان گروپە پەنابەرەکان و کەسەکاندا جیاوازن، بۆیە دیاریکردنی یەک کۆمەڵە ئالێنگاری یان پۆلێنکردنی گروپەکان بە شێوەیەکی گشتی قورسە. بە گشتی، هەندێک لە بەردەوامترین ئالێنگارییەکانی تێکەڵبوون لە نەرویج پەیوەندییان بە بەشداری لە بازاڕی کار، بەدەستهێنانی ئاستی خوێندن، فێربوونی زمان و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بواری تێکەڵبوون کۆمەڵێک بابەتی فراوانتر دەگرێتەوە. ئالێنگاریی گرنگ هەروەها پەیوەندییان بە داهاتی کەم و هەژاری، تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لەنێوان منداڵان و گەنجان، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی نەرێنى، بەشداریی سنوورداری مەدەنی و کۆمەڵایەتی و دابڕانی نیشتەجێبوون لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا هەیە.
بەربەستەکانی بەردەم بەشداری دەکرێت خوێندنی فەرمیی سنووردار، نەبوونی بڕوانامە ناسراوەکان، لێهاتوویی زمانی نەرویجی، تۆڕە پیشەیییە سنووردارەکان، ئالێنگارییەکانی پەیوەست بە تەندروستی، جیاکاری و بەرپرسیارێتییەکانی چاودێری لەخۆ بگرن. ئەم فاکتەرانە زۆرجار کارلێک دەکەن و دەتوانن بە شێوەیەکی جیاواز کاریگەری لەسەر کەسەکان دابنێن.
ئەنجامەکانی تێکەڵبوون بەپێی فاکتەرەکانی وەک وڵاتی بنەڕەت، ماوەی نیشتەجێبوون، ئاستی خوێندن و نەوەکان دەگۆڕێن. بۆ نموونە، ئەو ژنانەی باکگراوەندی پەنابەرێتییان هەیە و ماوەیەکی کەمە لە نەرویج نیشتەجێن، مەیلیان بەرەو ئەوەیە ئەنجامەکانیان کەمتر لەبار بێت بەراورد بە گروپەکانی دیکە لە چەندین پێوەردا. لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی لە نەرویج لەدایک بوون و دایبابەکانیان پەنابەرن، بەتایبەتی کچان و ژنانی گەنج، مەیلیان بەرەو ئەوەیە لە چەندین بواردا ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنن لە هاوتەمەنە پەنابەرەکانیان. لە هەمان کاتدا، جیاوازییەکی بەرچاو لەنێو و لە نێوان گروپەکاندا هەیە، و زۆرێک لە پەنابەران ئەنجامی بەهێز لە کار و خوێندندا بەدەست دەهێنن.
رووداو: ئایا بەڕێوبەرایەتییەکە داتای لەسەر ئەنجامەکانی تێکەڵبوونی پەنابەرانی کورد لە نەرویج هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە کار، خوێندن و لێهاتوویی زمانی نەرویجی؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: بەداخەوە، بەڕێوبەرایەتییەکە داتای لەسەر ئەنجامەکانی تێکەڵبوون بەتایبەتی بۆ پەنابەرانی کورد لە نەرویج نییە. ئامار و شیکردنەوەکانی ئێمە بە گشتی لەسەر بنەمای وڵاتی بنەڕەت، پۆڵێنی پەنابەران و تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی دیکەن، بەڵام ئێمە ئامارەکان بەپێی نەتەوە کۆناکەینەوە و بڵاوی ناکەینەوە. بۆیە ناتوانین داتا بەتایبەتی لەسەر کار، ئاستی خوێندن یان لێهاتوویی زمانی نەرویجی لەنێو پەنابەرانی کورددا دابین بکەین. بۆ زانیاریی پەیوەندیدار، فەرمانگەی ئاماری نەرویج (SSB) رەنگە داتای پەنابەران بەپێی باکگراوەندی وڵات هەبێت کە دەکرێت پەیوەندیدار بێت، بەپێی مەودای شیکردنەوەکە.
رووداو: نەرویج چۆن هەوڵ دەدات هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان تێکەڵبوون لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا و توانای پەنابەران بۆ پاراستنی شوناسی کلتووری و زمانیی خۆیان؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: بەپێی حکومەتی نەرویج، تێکەڵبوون بەو مانایەیە کە پەنابەران بە تەواوی لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا بەشدار بن لەرێگەی کار، خوێندن و ژیانی سڤیلەوە. تێکەڵبوونی سەرکەوتوو یەکسانە بە بەشداریی یەکسان، دەرفەتی یەکسان، تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و خۆبژێویى ئابووری.
رووداو: ئەو گۆڕانکارییە سەرەکییانە چین کە نەرویج ئێستا لە سیاسەتەکانی تێکەڵبووندا ئەنجامیان دەدات، و حکومەت هیوادارە لە رێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە چی بەدەست بهێنێت؟
بەڕێوەبەرایەتیى تێکەڵبوون و فرەچەشنیى نەرویج: ئامرازی سەرەکی بۆ تێکەڵبوون لە نەرویج بریتییە لە "بەرنامەی ئاشناکردن" کە لە لایەن حکومەتەوە بودجەکەی دابین دەکرێت بۆ ئەو پەنابەرانەی تازە گەیشتوون، کە رێکارەکانی مەشقی زمان، زانیاری لەسەر کۆمەڵگەی نەرویجی، خوێندن و کارپێکردن دابین دەکات تاوەکو هاوکاریی پەنابەران/بەشداربووانی ناو بەرنامەکە بکات ببنە خۆبژێو و بچنە ناو کار یان خوێندنەوە.
گرنگترین گۆڕانکاری/رێفۆرمی ئەم دواییە بریتییە لە "یاسای تێکەڵبوون"ی ساڵی 2021، کە جێگەی "یاسای ئاشناکردن"ـی پێشووی گرتەوە. گۆڕانکارییە سەرەکییەکان لە یاسای پێشووەوە بریتین لە گۆڕانکاری لە بەرنامەی ئاشناکرد بەرەو سەرنجێکی بەهێزتر لەسەر کار، بەدەستهێنانی لێهاتوویی زمانی نەرویجی و بەرنامەی تاکەکەسی زیاتر، کە تێیدا باکگراوەندی خوێندنی بەشداربووان، و بڕوانامە و ئامانجە پیشەیییەکانیان نەخشەی بۆ دەکێشرێت تاوەکو ناوەڕۆک (و ماوەی) بەرنامەکە دیاری بکات.



