رووداو دیجیتاڵ
لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، قوتابخانەیەکی فەرمیی کوردی هەوڵی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لەنێو رەوەندی کوردی دا دەدات و ساڵ بە ساڵ ژمارەی قوتابییەکانی زیاد دەکات.
مەزڵووم قربۆ، مامۆستای قوتابخانەی کوردیی ڤیەننا، رۆژی پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، بووە میوانی بوولتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و باسی لە کار و چالاکییەکانی قوتابخانەکە کرد.
قربۆ رایگەیاند، قوتابخانەکە دوای پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2023وە جارێکی دیکە کراوەتەوە و گوتی، "کاتێک منداڵان دێن و دەبینن هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ قوتابخانەکانی نەمسا نییە، خۆیان داوای ناونووسین دەکەن و دڵخۆش دەبن."
"دەتوانین 700 بۆ 800 قوتابی کورد ناونووس بکەین"
مەزڵووم قربۆ ئاماژەی بەوەش کرد، قوتابخانەکە توانایەکی گەورەی هەیە و ئێستا پێنج پۆلیان هەیە، بەڵام دەتوانن ژمارەی پۆلەکان زیاد بکەن.
ئەو مامۆستای قوتابخانەکە گوتیشی، "پۆلەکانمان زۆرن، دەتوانین 700 بۆ 800 قوتابی ناونووس بکەین و بێن و لە قوتابخانەکە بەردەوام بن. ئەگەر ژمارە زیاد بکات، دەیکەینە 6 پۆل یان زیاتریش."
بە گوتەی مەزڵووم قربۆ، هەفتەی رۆژێک و رۆژانی شەممە بۆ ماوەی سێ کاژێر، لە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 01:00ی نیوەڕۆ وانە دەگوترێتەوە و تەمەنی قوتابییەکانیش لە 5 ساڵییەوە دەستپێدەکات.
هەروەها سێ دیالێکتی سەرەکیی زمانی کوردی، کرمانجی، سۆرانی و بادینی لە قوتابخانەکە دەخوێندرێن.
"ئامانج تەنیا زمانی کوردی نییە"
قربۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان تەنیا فێرکردنی زمان نییە، "ئامانج ئەوەیە منداڵان لەنێو کولتوور و هونەری کوردیدا هاوڕێیەتی بکەن. زیاتر یەکدی بناسن، خێزانەکان یەکدی بناسن. لای ئێمە وەرزش هەیە، گرووپی میوزیک هەیە و مانگی جارێک دەیانبەینە دەرەوە بۆ گەشت."
هەروەها باسی لەوەش کرد، نەک تەنیا کورد، بەڵکو نەمساییەکانیش دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن، "پار، دوو منداڵی نەمسایی هەبوون. ژنێکی نەمساییش خۆی دەهات."
پلانی داهاتوو
مەزڵووم قربۆ ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە بۆ کەسانی پێگەیشتووش خول بکەنەوە و گوتی، "زۆر لە گەورەکانیش دەیانەوێت، نەمساییەکانیش خۆیان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. دەمانەوێت ئەم ساڵ بتوانین خولێکی جیاواز بۆ گەورەکانیش دەستپێبکەین."
دەربارەی پەرتووکی خوێندنیش، قربۆ رایگەیاند، پەرتووکخانەیەک لە ئەڵمانیا پەرتووکیان بۆ دابین دەکات.
لە نەمسا هەوڵەکان بۆ زمانی کوردی نوێ نین. لە ساڵی 2004 یەکەم قوتابخانەی زمانی کوردی کرابووەوە و پەیمانگەی کوردیی ڤیەنناش لە ساڵی 1994ـدا دامەزراوە.


