رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی چین لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا جەخت لە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان سوپای هەردوو وڵات دەکاتەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە خواستی بەغدا بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی چینی.
وەزارەتی بەرگریی چین لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بەوەی، "ئایا عێراق بە فەرمی داوای کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لێکردوون؟" رایگەیاند، "پەیوەندییەکی دۆستانەی مێژوویی لەنێوان هەردوو وڵات و سوپاکانیاندا هەیە. هەردوولا بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕ و هاوکارییە سەربازییەکانیان و رۆڵێکی بنیاتنەر لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەگێڕن."
ئەم هەڵوێستەی بەیژینگ لە کاتێکدایە، بەپێی راپۆرتە سەربازییەکان، بەغدا دەیەوێت سەرچاوەکانی کڕینی چەک هەمەجۆر بکات. پسپۆڕانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق دەیەوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی چینی (FD-2000) بکڕێت.
ئەم سیستمە بەوە ناسراوە، کاراییەکی بەرزی هەیە و تێچووەکەی زۆر کەمترە لە سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی، هاوکات دووریشە لەو ئاڵۆزییە سیاسی و سزایانەی لە کڕینی سیستمی S-400ی رووسی دەکرێت بێنە پێشەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوولدا، وەزارەتی بەرگریی چین پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکەی عێراق راگەیاند و بە رووداوی گوت، "چین بە تەواوی پاڵپشتی لە پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق دەکات و هیوای ئاشتی و گەشەپێدان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوازێت."
چین کە گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە، لە رێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی "پشتێن و رێگە" و پڕۆژەکانی ژێرخانەوە پێگەیەکی ئابووریی بەهێزی لە بەغدا دروستکردووە؛ چاودێرانیش پێیانوایە بەیژینگ لەم قۆناخەدا بە وریاییەوە دەیەوێت بە پێدانی چەک و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی، دەستی هاوکاری بۆ بەغدا درێژ بکات بەبێ ئەوەی راستەوخۆ تووشی پێکدادانی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکادا ببێت.



