رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا رەخنە لە حکومەتی فیدراڵیی وڵاتەکەیان دەگرن بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان بۆ راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی و دەڵێن، بێدەنگیی حکومەت لەسەر حیسابی ژیان و مافەکانی ئەو پێکهاتەیەیە مەترسیدارە.
رۆژی شەممە 15ی ئابی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی پەنابەرانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن لە لێدوانێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی
پێشتر حکومەتی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن داوای لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا کردبوو دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی رابگرێ، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە لەم بارەیەوە بە رووداوی گوت: "بێدەنگی و بێهەڵوێستیی حکومەتی فیدراڵی تاوەکو ئێستا، لەسەر حیسابی ئەو رەوشەی مافەکانی مرۆڤە کە ئێزدییەکان لە وڵاتەکەی خۆیاندا رووبەڕوویان دەبنەوە."
گوتەبێژەکە قسەکانی ڤێرێنا شێفەر، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیای وەبیرهێنایەوە، کە لە وەڵامی رەتکردنەوەکەی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیدا گوتبووی: "ئەو رەتکردنەوەیە من رازی ناکات. دۆخی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی سەر بە ئایینی ئێزدین، لە ناوچەکەیاندا هێشتا مەترسیدار و نادیارە. وەزیری ناوخۆی فیدراڵی خۆی لە بەرپرسیارێتییەکەی دەدزێتەوە."
شێفەر جەختیشی کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن دەستبەرداری ئەم پرسە نابێت و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک؛ گوتیشی، "ئێمە پابەندین بە بەرپرسیارێتییە مرۆییەکەمان بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی لە وڵاتی خۆیاندا رووبەڕووی کوشتن و چەوساندنەوە دەبنەوە."
شارەوانیی کۆلن رێگری لە دیپۆرتکردنەوە کردووە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکە پشتڕاستی کردەوە کە شارەوانیی شاری کۆلن، رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی 500 پەناخواز کردووە.
لە ساڵی 2024ـدا، دەزگای ناوەندیی بیانییەکان (ZAB) لیستێکی بە ناوی 500 کەس کە تەنیا مافی مانەوەی کاتییان هەبوو نارد بۆ کۆلن. ئەم کەسانە ناسنامەیان دیار نەبووە یان پاسپۆرتیان نەبووە و خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوای بەڵقان (وەک بۆسنە، سربیا و ئەلبانیا) بوون.
بەڵام شارەوانیی کۆلن بڕیارەکەی رەتکردەوە و ویستی ئەو کەسانە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەی مافی مانەوە بەدەستبهێنن.
ئامارەکانی دیپۆرتکردنەوە لە شەش مانگدا
وەزارەتی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بۆ رووداوی ئاشکرا کرد کە لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا (تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2026)، بەگشتی 1,931 کەس لەو هەرێمەوە دیپۆرتکراونەتەوە.
زۆرترین دیپۆرتکراوەکانیش بۆ ئەم وڵاتانە بوون:
• تورکیا: 201 کەس
• سربیا: 102 کەس
• مەسەدۆنیای باکوور: 96 کەس
• جۆرجیا: 95 کەس
• ئەلبانیا: 87 کەس
ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەزارەتەکە رایگەیاندووە کە لەم 6 مانگەدا هیچ کەسێک لە هەرێمەکەیانەوە بۆ وڵاتانی سووریا، عێراق و ئێران دیپۆرت نەکراوەتەوە.



