رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی چارەکێکی هەرزەکاران لەسەر ئاستی جیهان بە تەواوی بێبەشن لە هەر جووڵە و چالاکییەکی جەستەیی بە جۆرێک تەنانەت یەک کاژێر وەرزشیش لە هەفتەیەکدا ناکەن و جەخت دەکاتەوە کە ئەم دۆخە مەترسییە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بەپێی خەمڵاندنە نوێیە جیهانییەکانی رێکخراوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی لانسێت گڵۆباڵ هێلس بڵاوکراوەتەوە، لە نێو هەر چوار هەرزەکاری تەمەن 11 بۆ 17 ساڵدا، یەکێکیان لە ماوەی هەفتەی پێشوودا هیچ رۆژێکی چالاکی نەبووە (کە بە لانیکەم 60 خولەک لە چالاکیی جەستەیی مامناوەند بۆ توند پێناسە دەکرێت). توێژینەوەکە پشتی بە سەدان راپرسی لە 140 وڵات و ناوچەی جیهان بەستووە و زیاتر لە 3.2 ملیۆن هەرزەکاری لەخۆگرتووە.
ئاژانسی تەندروستیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردەوە کە بە پێوەری گشتی، ئەم داتایە بە مانای ئەوە دێت نزیکەی 240 ملیۆن گەنج لە سەرانسەری جیهاندا بە درێژایی هەفتە هیچ چالاکییەکی وەرزشی ئەنجام نادەن. بە شێوەیەکی گشتی، هەرزەکاران بە تێکڕا هەفتانە 2.7 رۆژ چالاکییان هەبووە، لە کاتێکدا تەنیا لەسەدا 14ـیان توانیویانە لە هەر حەوت رۆژەکەی هەفتەدا وەرزش و چالاکی بکەن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دا کە کەم جووڵەیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و هەندێک جۆری شێرپەنجە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "یارمەتیدانی گەنجان بۆ پەروەردەکردنی نەریتی وەرزشکردن لە قۆناخە سەرەتاییەکانی تەمەندا، زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستییان و کەمکردنەوەی بارگرانیی ئەم نەخۆشییانە لەسەر جیهان".
رێکخراوەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە چالاکیی جەستەیی لەنێو هەرزەکاراندا لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا "نزیکەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە". تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند: "ماوەی 15 ساڵە جیهان نزیکەی هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە لە هاندانی گەنجان بۆ جووڵە و کچانیش لە هەمووان زیاتر پشتگوێ خراون."
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان رەگەزەکاندا تۆمارکراوە؛ کچان لە هەموو ناوچەکاندا کەمتر لە کوڕان چالاکن. بەپێی ئامارەکان، 28٪ـی کچان هیچ رۆژێکی چالاکیان لە هەفتەدا نەبووە لە بەرامبەر 22٪ـی کوڕان؛ هەروەها تەنیا 11٪ـی کچان هەموو رۆژێک چالاک بوون لە بەرامبەر 17٪ـی کوڕان.
هەروەها جیاوازییەکی زۆر لە نێوان وڵاتاندا بەدی دەکرێت، لە کاتێکدا لە وڵاتانی وەک نامیبیا، نیپاڵ و فیلیپین لەسەدا 40ـی هەرزەکاران هیچ رۆژێکی چالاکییان لە هەفتەدا نەبووە، لە بەرامبەردا لە سڕبیا و بەنگلادیش زیاتر لە لەسەدا 30ـی گەنجان بە شێوەیەکی رۆژانە چالاکیی جەستەیی ئەنجام دەدەن.
تێدرۆس ئەدهانۆم جەختی لەوە کردەوە: "چارەسەر ئەوە نییە داوا لە هەرزەکاران بکەین زیاتر هەوڵ بدەن، بەڵکو دەبێت قوتابخانە، شەقام و کۆمەڵگە بە شێوەیەک دابڕێژینەوە کە جووڵە، یاری و چالاکبوون تیایاندا سەلامەت، ئاسان و ئاسایی بێت."
رێکخراوەکە دەڵێت، ژینگەی قوتابخانەکان، هۆکارەکانی گواستنەوە، دەستڕاگەیشتن بە شوێنی سەلامەت بۆ پیادەڕەوی یان پایسکیلسواری، و شێوازی ژیانی بەستراوە بە شاشە زیرەکەکانەوە، کاریگەریی گەورەیان لەسەر کەمبوونەوەی جووڵەی گەنجان هەیە و داوای لە وڵاتان کرد سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە وەرزش و چالاکیی جەستەیی بکاتە بەشێکی ئاسان و سەلامەت لە ژیانی رۆژانەی نەوەی نوێدا.



