رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا گورزێکی دارایی لە ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ناسراوی ئەمریکی و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان وەشاند، بە جۆرێک بازاڕە داراییەکان لە کاردانەوەی یەکەمدا زیاتر لە 60 ملیار دۆلاریان لە بەهای پشک و سەروەتەکەی کەم کردەوە.
مەسک لەم هەڵبژاردندا گەورەترین بەخشەری دارایی کۆمارییەکان بوو. لە رێگەی لیژنەی کاری سیاسیی خۆی و سندووقی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی پیرانەوە، نزیکەی 446 ملیۆن دۆلاری بۆ کەمپینی بەربژێرانی پارتی کۆماری خەرج کرد بە مەبەستی پاراستنی زۆرینەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس.دا
بەشێکی زۆری پارە و خەرجییەکانی مەسک، کە بە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، راستەوخۆ رژایە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی ویلایەتی تەکساسەوە بۆ سەرخستنی کێن پاکستن، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران. سەرەڕای ئەو لێشاوە گەورەیەی پارە، پاکستن بەرامبەر جەیمس تالاریکۆ، بەربژێری دیموکراتەکان تووشی شکست هات.
ئەم شکستە بە زەبرێکی ستراتیژی بۆ مەسک دادەنرێت، کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا سەرجەم سەرمایەکەی خستبووە تەکساس؛ بە جۆرێک شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە کالیفۆرنیاوە گواستەوە بۆ ئەو ویلایەتە و بارەگای سەرەکیی هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی تێسلا و سپەیس ئێکسیشی بردە ئەوێ بۆ ئەوەی سوود لە نەبوونی باجی داهات و ئاسانکارییە یاساییەکان وەربگرێت.
داڕمانی بۆرسە و زیانی 60 ملیار دۆلاری
لەگەڵ بردنەوەی زۆرینەی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، لە بازاڕی مامەڵە پێشوەختەکاندا پشکەکانی تێسلا 5.7% و سپەیس ئێکس 7.6% دابەزین. ئەم دابەزینە کتوپڕە بووە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار لە سەروەتی مەسک.
ئەم شکستە سیاسییە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی متمانە لە بازاڕەکانی پێشبینی (وەک پۆلیمارکێت) سەبارەت بە پلانەکانی مەسک بۆ کڕینەوەی تێسلا لەلایەن سپەیس ئێکسەوە تا ناوەڕاستی ساڵی 2027. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنگرێسێکی دیموکرات لە ساڵانی داهاتوودا چاودێری و وردبینییەکی توند بەسەر گرێبەستە حکومییەکان و رێککارە یاساییەکانی کۆمپانیاکانی مەسکدا دەسەپێنێت، ئەمەش داهاتووی ئیمپراتۆرییەتە پیشەسازییەکەی دەخاتە بەردەم بەربەستی نوێوە.
بەپێی راپۆرتە داراییەکانی کۆمسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکان، ئەم خولەی هەڵبژاردنی نیوەی خول بووە گرانبەهاترین پرۆسەی هەڵبژاردن لە تەواوی مێژووی ئەمریکادا، کە تێیدا کۆی خەرجیی بانگەشەکان گەیشتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار. لەم ململانێ سەختەدا، بانگەشەى بەربژێرانی پارتی دیموکرات توانییان بەشێکی بەرچاوی تەوژمی دارایی کۆنترۆڵ بکەن، بە جۆرێک زیاتر لە 6.3 ملیار دۆلار (نزیکەی 53%ی کۆی پشتیوانییە داراییەکان) لە رێگەی بەخشینی بەربڵاوی جەماوەری، بەخشەرە گەورەکان و گرووپە سەربەخۆکانەوە خرایە خزمەت کاندیدەکانی دیموکرات بۆ گەڕاندنەوەی زۆرینەی کۆنگرێس.
لە بەرامبەردا، گرووپەکانی نزیک لە پارتی کۆماری زیاتر لە 5.6 ملیار دۆلاریان (نزیکەی 47%ی کۆی خەرجییەکان) بۆ پاراستنی زۆرینەی خۆیان لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەراندا خەرج کرد. کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە لیژنەکانی کاری سیاسیی باڵا (Super PACs) و هاوکاریی ملیاردێرەکانی وەک ئیلۆن مەسک بەستبوو، کە بە تەنیا سەتان ملیۆن دۆلاری لە بازنە سەرەکییەکاندا خەرج کرد؛ سەرەڕای ئەم لێشاوە گەورەیەی پارە و ریکۆردە داراییانەش، بەربەستی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی و ناڕەزایەتیی دەنگدەران باڵادەست بوو بەسەر کاریگەریی سەرمایە سیاسییەکاندا.



