زانا و گەردوونناسان لەرێگەی تەلیسکۆپی بۆشایی ئاسمانیی جەیمس وێبـەوە، تەنێکی نوێی گەردوونییان دۆزیوەتەوە کە یەکەم جارە لە مێژوودا بەو شێوەیە دەبینرێت. تەنەکە پێکدێت لە ئەستێرەیەک کە چاڵێکی ڕەشی زەبەلاح لە نێوەڕاستیدایە.
ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت زۆر لەو مەتەڵانە شیبکاتەوە کە ساڵانێکە مێشکی زانایانیان سەرقاڵ کردووە.
ژمارەکانی ئەم دۆزینەوەیە
ئەم تەنە نامۆیە چییە؟
ئەم تەنە کە وەک خاڵێکی سووری درەوشاوە دەردەکەوێت و ناوی MoM-BH*-1ـی لێنراوە، شتێکی زۆر دەگمەنە. کێشەکەی نزیکەی 100 هەزار جار لە خۆری ئێمە قورسترە و بە بەرگێکی هێندە ئەستوور لە گاز دەورەدراوە کە وا دەکات قەبارەکەی هێندەی تەواوی کۆمەڵەی خۆر گەورە دەربکەوێت.
بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە، لەبری ئەوەی وەک ئەستێرەیەکی ئاسایی لە نێوەڕاستەکەیەوە وزە، گەرما و رووناکی بەرهەم بهێنێت، لە نێوەڕاستیدا چاڵێکی رەش هەیە کە بەردەوام ماددە و گازەکانی دەوروبەری خۆی قوت دەدات و دەخوات.
چاڵە رەشەکە چۆن کار دەکات؟
ماددە و گازەکانی دەوروبەری چاڵە رەشەکە بەرەو نێوەڕاست رادەکێشرێن. پێش ئەوەی ماددەکە بچێتە نێو چاڵە رەشەکە، زۆر گەرم دەبێت و بڕێکی زۆر وزە و تیشک بەرهەم دەهێنێت.
بەپێی توێژینەوە نوێیەکە کە لە گۆڤاری زانستیی Nature بڵاوکراوەتەوە، چاڵە رەشەکەی نێوەڕاست هێندە وزە دەردەدات کە 100 ملیار جار لە هەر ئەستێرەیەکی ناسراو زیاترە.
چۆن دۆزرایەوە؟
بیرۆکەی «ئەستێرەی چاڵە رەش»
بیرۆکەی ئەوەی کە ئەستێرەیەک بتوانێت چاڵێکی ڕەشی زەبەلاحی لە ناوەڕاستیدا هەبێت، نزیکەی دوو دەیە پێش ئێستا خراوەتەڕوو.
دەستپێکردنی جەیمس وێب
تەلیسکۆپی جەیمس وێب دەستی بە کارەکانی کرد و سەدان خاڵی سووری بچووکی لە گەردوونی سەرەتاییدا دۆزییەوە.
خاڵە سوورە نامۆکان
زانایان تێبینییان کرد ئەو تەنە سوورانە لە ئەستێرە زۆر گەورەترن، بەڵام لە گەلەستێرە زۆر بچووکتر و چڕترن.
بینینی تیشکی X
تیمێکی دیکەی زانایان توانییان کەمێک تیشکی X لە یەکێک لەو تەنە سوورانەدا ببینن؛ ئەمە بەڵگەیەکی گرنگ بوو بۆ بوونی چاڵێکی ڕەش.
MoM-BH*-1
دۆزینەوەی تەنێک کە ڕووناکییەکەی هێندە بەهێزە کە تەواوی گەلەستێرەکەی خۆی دادەپۆشێت.
بۆچی تیشکی X نەدەبینرا؟
زانایان پێیانوابوو ئەگەر لە نێوەڕاستی ئەو تەنە سوورانەدا چاڵێکی رەشی زەبەلاح هەبێت، دەبێت تیشکی X لێ دەربچێت. بەڵام هیچ تیشکێکی X نەدەبینرا.
دواتر زانایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو تەنە سوورانە ئەستێرەن کە چاڵی رەشیان هەیە؛ هۆکاری نەبینینی تیشکی X ـەکەش ئەوەیە کە بەرگە گازە ئەستوورەکەی دەوریانی داوە و رێگری لە دەرچوونی تیشکەکە دەکات.
ئەمە شتێکی زۆر تایبەتە. لەنێو داتای ملیاران ئەستێرە، گەلەستێرە و چاڵە رەشەکاندا کە تاوەکو ئێستا تۆمارمان کردوون، هیچ شتێک هاوشێوەی ئەمە نییە.
بۆچی ئەم دۆزینەوەیە گرنگە؟
نایدو و تیمەکەی دەڵێن، ئەگەر ئەم دۆزینەوەیە بەتەواوی پشتڕاست بێتەوە، ئەوا بەو واتایە دێت کە هەموو ئەو خاڵە سوورە بچووکانەی دیکەش کە جەیمس وێب دۆزیونییەتەوە، رەنگە هەر ئەستێرەی چاڵە ڕەش بن.
بەڵام ئەوەی وا دەکات MoM-BH*-1 زۆر تایبەت بێت، ئەوەیە کە رووناکییەکەی هێندە بەهێزە کە تەواوی ئەو گەلەستێرەیەی کە تێیدایە داپۆشیوە. بۆیە زانایان تەنیا رووناکییە بێگەردەکەی خودی ئەستێرە چاڵە رەشەکە دەبینن.



