رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ تێپەڕاندنی زستان پێویستی بە 5٪ـی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکایە، بۆ لەناوبردنی تەواوی مووشەکە بالیستییەکانی رووسیاش پێویستیان "بە 10٪ـی ئەو مووشەکانەیە."
لەم دواییانەدا، رووسیا بە نزیکەیی هەفتەی جارێک شەپۆلێکی گەورەی هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر کیێڤ، کە دەبێتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانکردنی خانووەکان. لە یەکێک لە هێرشەکاندا، ئۆکراینا نەیتوانی رێگری لە هیچ یەکێک لەو 28 مووشەکە بالیستییە بکات کە ئاراستەی کرابوون.
زیلینسکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ ئۆکراینا "دوو هێندە و نیو کەمتر مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی هەبووە بەراورد بە ساڵی 2025." هەروەها گوتی: "رووسیا مانگانە دوو هێندەی پێشووتر مووشەکی بالیستی هەیە."
سەرۆکی ئۆکراینا روونیکردەوە: "ئەم ساڵ داوا لە هاوبەشە ئەمریکییەکانمان دەکەم 5٪ـی ئەو مووشەکانەمان پێ بفرۆشن کە لە کۆگاکانیاندا هەیانە. ئەگەر 5٪ـمان پێ بفرۆشن، زستان تێدەپەڕێنین و ژیانی خەڵک رزگار دەکەین. ئەگەریش بتوانن 10٪ـمان پێ بفرۆشن، ئەوا سەرجەم مووشەکە بالیستییەکانی رووسیا لەناو دەبەین."
لەوکاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل چوونەتە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران و ئاراستەی دابینکردنی ئەو سیستمە پێشکەوتووانە گۆڕدراوە، ئۆکراینا رایگەیاندووە، مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی پاتریۆتی کەم بووەتەوە. رێگریکردن لە مووشەکی بالیستی زۆر قورسترە بەراورد بە مووشەکی کروز یان درۆن، چونکە خێراتر دەڕۆن و ئاراستەیان لێژترە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە، زیلینسکی گوتی: "بۆ ئەمڕۆ هێشتا چاوەڕێین. تەنیا 1٪ـم هەیە. بۆ گەیشتن لە 1٪ـەوە بۆ 5٪، چەند مانگێک و ملیۆنان پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەبەردەستدایە. هەندێک شت دەکەم کە تەنانەت ناتوانم باسیان بکەم، بەو واتایە نایەت کە نایاساییە، بەڵام ناتوانم قسەی لەسەر بکەم."
لەلایەکی دیکەوە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەو، چیدی ئاماری وردی هێرشە بالیستییەکانی رووسیا بڵاوناکاتەوە. یوری ئیگنات، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە فەیسبوک رایگەیاند، ئەم سنووردارکردنە پەیوەندیی بە "ژمارەی ئەو ئامانجانەوە هەیە کە هەڵدراون، خراونەتە خوارەوە، سەرکوتکراون، یان نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان."
گوتیشی، ئاگادارکردنەوە خێراکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن و هێزی ئاسمانیش تەنیا ئاماری گشتی لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا دەخاتەڕوو.
مانگی رابردوو، رووسیا زیاتر لە 450 مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، کە نزیکەی 200ـیان مووشەکی بالیستی بوون.


