رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەست لەکار دەکێشێتەوە، بەڵام وەک راوێژکارێکی باڵا لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی کارۆلین لیڤێتی بڵاوکردەوە. لیڤێتی تەمەن 28 ساڵ، کە گەنجترین گوتەبێژە لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، بە یەکێک لە داکۆکیکەرە هەرە دڵسۆزەکانی ترەمپ دادەنرێت. ئەو بەوە دەناسرا کە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکاندا زۆر بە زمانێکی پاراو و شێوازێکی هێرشبەرانە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دەدایەوە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی ناوازەی کۆشکی سپی و یەکێک لە یاریدەدەرە هەرە جێی متمانەکانم، لە کۆتایی ئەم مانگەدا پۆستەکەی جێدەهێڵێت تاوەکو کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵە بچووکەکانی و خێزانەکەی بەسەر ببات."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، لیڤێت لەمەودوا دەبێتە یەکێک لە راوێژکارە دەرەکییە باڵاکانی و "دەنگێکی کاریگەر دەبێت لە ناو پارتی کۆماریدا."
لیڤێت لە مانگی ئایاری رابردوودا لەدایکبوونی دووەم منداڵی راگەیاند، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی مۆڵەتی دایکایەتیی خۆی دواخست، بەهۆی هەوڵێکی کوشتنی سەرۆک ترەمپ لە کاتی ئاهەنگی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی.
لیڤێت لە پەیامێکدا دوای راگەیاندنی بڕیارەکە گوتی: "سوپاسی سەرۆک دەکەم بۆ ئەو متمانە و سەرەتی (ئیمتیاز)ـەی پێی بەخشیم تاوەکو لەسەر سەکۆی کۆشکی سپی بە ناوی ئەوەوە قسە بکەم. چێژم لەوە بینی کە میدیا لیبرالەکانم رووبەڕووی لێپرسینەوە کردەوە و دڵنیاییم دا کە گەلی ئەمریکا راستییەکان دەربارەی سەرکەوتنەکانی سەرۆک ترەمپ ببیستن."


