رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رەزامەندی لەسەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیدا نیشاندا، بە ئامانجی پێدانی دەسەڵاتی فراوانتر بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنی و وەرگرتنی رێکاری پێویست دژی هەڕەشە دەرەکییەکان.
رۆژی چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند "سەردەمێکی نوێ" بۆ دەزگا نهێنییەکانی ئەڵمانیا دەستیپێکردووە، کە تاوەکو ئێستا زۆربەی کارەکانیان تەنیا لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریدا کورتکرابووەوە.
بەپێی چاکسازییە نوێیەکان کە پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەزگاکان دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت بۆ ئۆپەراسیۆنی ناکوشندە؛ وەک هاککردنی سێرڤەرەکانی "دوژمن" یان کردەی تێکدەرانە.
حکومەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، دەڵێت پێویستیان بە دەزگای هەواڵگری بەهێزترە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن هێزە بیانییە دوژمنکارەکان، گرووپە تیرۆریستییەکان و تاوانبارانی ئەلیکترۆنییەوە دروست دەبن.
بەرپرسانی ئەڵمانیا مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەڵمەتێکی تێکدەرانە، سیخوڕی و چەواشەکاری دژی وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبات؛ بەوپێیەی ئەڵمانیا یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە جەنگی دژی رووسیا.
مارک هێنریچمان، سەرۆکی لیژنەی چاودێری هەواڵگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئێمە لە نێوەڕاستی ململانێیەکی تێکەڵاوداین، نەک تەنیا لەگەڵ رووسیا، بەڵکو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش."
هێنریچمان ئاماژەی بەوە کرد کە شێوازی کارکردنی پێشووی ئەڵمانیا وایکردووە وڵاتەکە لە کاروانەکە دواکەوێت و نەتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ئەورووپادا بکات. گوتیشی: "ئێمە رووبەڕووی نەیارانێک دەبینەوە کە بە هیچ یاسایەک یاری ناکەن."
بۆ چەندین دەیەیە، ئەڵمانیا دەزگای هەواڵگری دەرەکی و دەزگای سیخوڕی ناوخۆیی خستووەتە ژێر رێکاری تووندەوە کە تێیدا ئۆپەراسیۆنی راستەوخۆ و کوشندە، هاوشێوەی ئەوەی سی ئای ئەی ئەمریکی یان مۆسادی ئیسرائیلی دەیکەن، قەدەخە کرابوو. ئەم رێسا تووندانەش بەشێکی بۆ مێژووی نازییەکان و ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەگەڕایەوە.
پیتەر نۆیمان، پرۆفیسۆری خوێندنی ئاسایش لە کینگز کۆلێژ لە لەندەن، بە فرانس پرێسی گوت: "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا تاوەکو ئەم دواییانەش تەنیا دەزگای کۆکردنەوەی زانیاری بوون."
چاکسازییە نوێیەکان رێگە بە دەزگا هەواڵگرییەکان دەدەن هێرشی ئەلیکترۆنی بکەن، سیستەمە تەکنەلۆژییەکانی لایەنە دوژمنەکان پەکبخەن و رێگری لە گواستنەوەی دراو بکەن. هەروەها دەسەڵاتیان پێدەدرێت ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی داتا گەورەکان بەکاربهێنن.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەڵمانیا خەریکە خۆی دەگەیێنێتەوە بەو ئاستەی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپادا هەیە و گوتی: "ئێمە دەزگا هەواڵگرییەکانمان دەگۆڕین بۆ دەزگای نهێنی راستەقینە."


