رووداو دیجیتاڵ
کارینا ئۆدێبرینک، پەرلەمانتار لە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی ماریا مالمر ستێنەرگارد، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی "پاشەکشەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا" دەربڕیوە.
ئۆدێبرینک، لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "لە مانگەکانی رابردوودا، دۆخی ئۆپۆزیسیۆن، میدیای ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار." ئەو لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە)، ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە."
پشتگوێخستنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان
ئەو پەرلەمانتارە سوێدییە رەخنەی تووندی لە ئەنقەرە گرت کە "بەردەوامە لە پشتگوێخستنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بەتایبەتی لە کەیسە دیارەکانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا."
ئۆدێبرینک گوتی: "ئەم هەڵوێستەی تورکیا پێشێلکاریی جیدیی بنەما دیموکراتییەکان و ئەو پابەندییانەیە کە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لەسەریەتی."
داواکارییەکان لە وەزیری دەرەوەی سوێد
ئۆدێبرینک لە نامەیەکیدا کە (لێپرسینەوەی پەرلەمانییە)، چوار پرسیاری سەرەکیی ئاراستەی وەزیری دەرەوە کردووە تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامیان بداتەوە:
1- سوێد چ دەستپێشخەرییەک لە ناو یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئەورووپادا دەکات بۆ زیادکردنی گوشارەکان تاوەکو تورکیا رێز لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤ بگرێت؟
2- حکومەتی سوێد چۆن کار دەکات بۆ پشتگیریکردنی میدیای ئازاد و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە تورکیا؟
3- ئایا حکومەتی سوێد هەوڵدەدات لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا هاوئاهەنگییەکی روونتر دژی بەرتەسککردنەوەی مافەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا دروست بکات؟
4- وەزیری دەرەوەی سوێد چۆن دەڕوانێتە ئەوەی کە سیستمی دادوەری لە تورکیا وەک چەکێک دژی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەکاردێت؟


