رووداو - دیجیتاڵ
دادگای هەرێمیی شاری فرانکفورت لە ئەڵمانیا، یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی (سابینا تی) دەستپێکرد، کە ژنێکی نیشتەجێی ئەڵمانیایە و تۆمەتبارە بە ئەندامێتی لە رێکخراوی داعش. سابینا دوای 8 ساڵ لە جەنگ و ژیان لەنێو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، دواجار بۆ رووبەڕووبوونەوەی یاسا گەڕێندراوەتەوە ئەڵمانیا.
سابینا، کە لە ساڵی 1990 لە بۆسنا و هەرسک لەدایکبووە، لە ئەڵمانیا گەورە بووە و تاوەکو ئاستی زانکۆ خوێندوویەتی. بەڵام ژیانی ئەو کاتێک گۆڕا کە لە ساڵی 2014 بڕیاری دا روو لە سووریا بکات.
تۆماس بێتن، داواکاری گشتیی فرانکفورت، لەبارەی تۆمەتەکانی سەر سابینا بە رووداوی راگەیاند: "تۆمەتبار لە کۆتایی ساڵی 2014 چووەتە سووریا و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە. لەوێ شوێنی مانەوەی بۆ دابینکراوە و پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی لەو رێکخراوە وەرگرتووە. دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی داعش کردووە و منداڵێکی لێی بووە."
لە رەققەوە بۆ کەمپی عەین عیسا بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی، سابینا لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی پورتوگالیی نێو داعش بەناوی (ئەبو عیسا ئەندەلوسی) کردووە. دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ و لەگەڵ تێکشکانی داعش لە ساڵی 2017، سابینا لە رەققە هەڵاتووە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەستگیرکراوە و رەوانەی کەمپی عەین عیسا لە رۆژئاوای کوردستان کراوە.
سابینا لە ساڵی 2019 توانیویەتی لە کەمپی عەین عیساش رابکات. دواجار لە ساڵی 2022، لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا دیپۆرتکراوەتەوە، لەکاتێکدا منداڵەکەشی لەگەڵ بووە کە لە باوکێکی داعشی لە سووریا لەدایکبووە.
پاشخانی توندڕەوی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە سابینا پێش چوونی بۆ سووریا، لە ئەڵمانیا پەیوەندی بە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هەبووە و نیقابی پۆشیوە. ئێستا بڕیارە لە پێنج دانیشتنی دادگادا چارەنووسی ئەو ژنە یەکلا بکرێتەوە، کە ئایا تا چ ئاستێک تێوەگلاوە لەو تاوانانەی رێکخراوی داعش لەو ماوەیەدا ئەنجامی داون.
پوختەی دۆسیەکە:
- تۆمەتبار: سابینا تی (34 ساڵ).
- تۆمەت: ئەندامێتی داعش و نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.
- هاوژین: ئەبو عیسا ئەندەلوسی (چەکدارێکی پورتوگالی).
- وێستگەکان: ئەڵمانیا, سووریا, کەمپی عەین عیسا, تورکیا و ئەڵمانیا.
- دادگایی: 5 دانیشتنی بۆ دیاریکراوە.


.jpg&w=3840&q=75)