رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ کۆچ لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردەوە، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەوانەی گەیشتوونەتە ئەورووپا زۆر کەمیکردووە.
رۆژی چوارشەممە 12ی ئابی 2026، رێکخراوەکە راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی داتاکانی، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رێڕەوی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، 111٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 821 کەس، لە کاتێکدا ژمارەی گەیشتووان 46٪کەمی کردووە. تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کاتێک گەردەلوولی هاری ناوچەکەی گرتەوە، 430 کۆچبەر خنکان.
لە رێڕەوی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیشدا، ژمارەی خنکان 259٪ زیادیکردووە، واتا 244 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەی رووداوەکان لە نزیک دوورگەی کریت بووە.
ئۆگۆچی دانیێڵز، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە، لەمبارەیەوە گوتی: "کەمبوونەوەی ژمارەی گەیشتووان بە واتای سەلامەتیی گەشتەکە نایەت. لە پشت هەر ژمارەیەک لەمانە، خێزانێک چاوەڕێی هەواڵێکە کە هەرگیز ناگات."
گۆڕانکاری لە رێڕەوەکانی بەرەو ئیسپانیا
ئامارەکان نیشانی دەدەن گەیشتن بە ئیسپانیا لە رێگەی رۆژئاوای ئەفریقا 78٪ کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خاڵەکانی بەڕێکەوتن گۆڕدراون بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی باشوور، کە گەشتەکە درێژتر و مەترسیدارتر دەکات.
بە پێچەوانەوە، گەیشتن بە ئیسپانیا لە رێگەی رۆژئاوای دەریای ناوەڕاستدا 66٪ زیادی کردووە، کە هۆکارەکەی بۆ سێ هێندە زیادبوونی پەڕینەوەی وشکانی بووە بەرەو ناوچەکانی سیوتا و مێلیلیا.
کاریگەریی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، جەنگەکان و ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی گەورەیان لەسەر جووڵەی کۆچبەران هەبووە. ئاوارەبوونێکی بەرفراوان لە لوبنان تۆمارکراوە، هەروەها لە مانگەکانی ئادار و نیساندا رێژەی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناو خاکی سووریا زیادی کردووە.
ئامارە جیهانییەکان
دانیێڵز ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە جیهاندا 304 ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی هەن، کە نزیکەی نیوەیان لە ناو ناوچەکانی خۆیاندا بۆ مەبەستی کار، خوێندن یان ئاسایش دەجووڵێنەوە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ جەختی کردەوە دابینکردنی زانیاری و داتای ورد دەبێتە هۆی گرتنەبەری بڕیاری باشتر بۆ پاراستنی ژیانی کۆچبەران، چونکە پاراستنی گیانی مرۆڤەکان لە دەریا و وشکانیدا بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە.


