رووداو دیجتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە و واشنتن بەردەوام دەبێت لەو کۆنترۆڵە. راشیگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لەلایەن هەمووانەوە بە "دیوارێکی پۆڵایین" ناودەبرێت و ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرامبەری بکات.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، سەرۆکی ئەمریکا تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیەڵ) دەربارەی دۆخی سەربازیی ئێران رایگەیاند، "ئەو وڵاتە نە هێزی دەریایی و نە هێزی ئاسمانیی ماوە، مووچەی سەربازانیان پێنادرێت و سوپای پاسداران تێکشکاوە و لە هەڵاتندان. سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی نادیاردایە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە "داڕمانی ئابووریی ئێران" کرد و گوتی، "ئێران هیچ پارەیەکی نەماوە و وڵاتەکەیان پەکیکەوتووە؛ تەنیا هەواڵی ساختە و هەڵاوسانی 300٪یان ماوە کە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت."
دۆناڵد ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران تەنیا قسە دەکات و هیچ کردەوەیەکی نییە و چیدیکە "ئاژاوەگێرەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" نییە.
ئەو قسانەی ترەمپ لەکاتێکدان کە رۆژی 11ـی ئەم مانگە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "پەیامی ئێران روونە؛ تەنگەی هورمز ناکرێتەوە تاوەکو ئەمریکا کۆتایی بە جەنگ و گەمارۆکان نەهێنێت، دارایی بلۆککراوی ئێران ئازاد نەکات و جەنگ لە سەرانسەری ناوچەکە، لەوانەش لە لوبنان و غەززە کۆتایی نەیەت."
لە 28ی شوباتی 2026، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخرا و لە 2-04-2026ـیش، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانی راگەیاند و ئێرانیش دەڵێت، تاوەکو لابردنی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە.
تەنگەی هورمز کە شادەماری گواستنەوەی زیاتر لە 20٪ی نەوتی جیهانە، بووەتە سەنتەری ململانێی سەربازی و ئابووریی نێوان واشنتن و تاران، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسیییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بێلایەنکردنی رێڕەوەکە تاوەکو ئێستا رووبەڕووی بەربەستی تووند بوونەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
