رووداو- هەولێر
نیاز بارزانی، راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا، لەوانەش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
نیاز بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە 11-8-2026 لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کۆبووەتەوە و زانیاری پێداون لەبارەی "سەردانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی، سەقامگیری، دیالۆگ و هاوئاهەنگی لە ناوچەکەدا بەگشتی".
نیاز بارزانی دەڵێ: "خۆشحاڵ بووم بە دیداری کورتم لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوە. وەزیر روبیۆ ماوەیەکی دوورودرێژە دۆستی کوردستانە، ئێمەش پێزانینمان بۆ دۆستایەتی و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی هەیە".
نێچیرڤان بارزانی لە 40 رۆژی رابردوودا سەردانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و چەند جارێکیش سەردانی بەغدای کردووە.
3-7-2026 نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تارانی کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی فەرمیی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکە کۆبووەوە.
رۆژی 13-7-2026یش نێچیرڤان بارزانی شانبەشانی ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە دەوحەی پایتەختى قهتهر، بەشداریی لە رێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی دەوڵەتی قەتەردا کرد و لهلايهن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەرهوه پێشوازي لێ كرا.
رۆژی 3-8-2026یش نێچیرڤان بارزانی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.



