رووداو دیجیتاڵ
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوەی ئێرانییەکان ناچار بە جێبەجیکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی دەکات گوشاری ئابوورییە؛ دەشڵێت، گوشارە ئابوورییەکان کاریگەری زیاتریان هەبووە لە جەنگ.
رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، باڵیۆزی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئابووری، کە لەلایەن وەزیر سکۆت بێسێنتەوە (وەزیری گەنجینەی ئەمریکا) سەرپەرشتی دەکرێت، ئابووریی ئێران وێران دەکات." دەشڵێت، "ئەمە بە گاڵتەوە دەڵێم، بەڵام بە جدییشە؛ ئێرانییەکان ئێستا زیاتر لە وەزیر بێسێنت دەترسن وەک لە وەزیر هیگسەس (پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا)."
باڵیۆزی ئەمریکا باسی لە داواکانی ئێران لە دانوستاندنەکاندا کرد و گوتی، "کاتێک (ئێرانییەکان) دێنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دانوستاندنکارەکانمان، تەنیا باسی پارەی کاش، پارەی کاش، پارەی کاش دەکەن، چونکە ئەوان بەرگەی بۆردومانەکان دەگرن. ئەوان بایەخ بە سوپاکەیان نادەن. بایەخ بە سەربازەکانیان یان تەنانەت گەلی ئێرانیش نادەن، بەڵام ئەوان نیگەرانی چین؟ نیگەرانی ئەوەن کە بەهای دراوەکەیان بە خێرایی دادەبەزێت. هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستدایە لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا."
بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ئێستا رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان 66%ە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی نیوەی ئابووریی ئێران دەکات. چونکە ئەمە رژێمێکی گەندەڵ، نوخبەگەر، ئایینی و تووندڕەوە کە چەندین دەیەیە ئەو وڵاتەی وێران کردووە. ئەوان بەردەوام داوای دەستگەیشتن بە پارەی کاش و دەستگەیشتن بەو سەرمایانەیان دەکەن کە ئێمە بلۆکمان کردوون. ئەوەی سەرۆک باسی دەکات، ئەمەیە گوشارەکە. ئەوە لەگەڵ گەمارۆکەدا، ئەو شتەیە کە لە کۆتاییدا ئێرانییەکان ناچار بە جووڵە و جێبەجێکردنی داواکانیان دەکات.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێی و لە رۆژی 2ی ئاداریشەوە تەنگەی هورمزی داخست. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە گەیاندە نزیکەی 120 دۆلاری ئەمریکی.



