رووداو دیجیتاڵ
تیمی (721 ئێس جی ئی سپۆرت)ـی هەرێمی کوردستان، دووەم رۆژی پاڵەوانێتیی جیهانیی پەبجی مۆبایلی بە ئەنجامێکی باشتر کۆتایی پێهێنا؛ ئەو چوار گەنجەی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دووەمدا توانییان خاڵێکی زیاتر لە هەموو یارییەکانی رۆژی یەکەم کۆبکەنەوە، هەر ئەم ئەنجامەش بووە هۆی ئەوەی سەرکەون بۆ قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالەکە.
رۆژی یەکشەممە، 09-08-2026، مەسرور دۆسکی، یاریزانی تیمی 721 لە پاڵەوانێتیی جیهانیی پەبجی مۆبایل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی یەکەمی مۆندیالدا چەند هەڵەیەکیان کردووە، بەڵام لە رۆژی دووەمدا قەرەبوویان کردووەتەوە.
مەسرور دۆسکی گوتی: "ئەنجامەکەی ئەمڕۆمان باش بوو، بەڵام دوێنێ هەڵەمان هەبوو. ئەگەر ئاستی ئەمڕۆمان دووبارە بکەینەوە، دەتوانین لە یاری کۆتایی بین؛ پشتیوان بە خوا، لە جارەکانی داهاتوودا ئاستێکی باشتر پێشکەش دەکەین."
ژمارەیەک لە گەنجانی عێراقیی نیشتەجێی فەرەنسا هاندەری تیمی هەرێمی کوردستانن کە وەک نوێنەری عێراق بەشدارە.
موهیب رەبیعی، یەکێک لە هاندەرانی تیمی 721، بە رووداوی راگەیاند: "لە یاریی داهاتوودا دەبێت زیاتر هێرشبەر بن نەک بەرگریکار؛ چونکە لەم دوو رۆژەدا زیاتر بەرگرییان دەکرد و ئەوەش وایکرد بدۆڕێن، بەڵام ئەگەر هێرش ببەن و لە یەکدی تێبگەن، ئەنجامی زۆر باشتر بەدەستدەهێنن."
لە لایەکی دیکەوە، فەیسەڵ بن حەمران، بەڕێوەبەری بەرهەمەکان لە مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی تووندوتیژی لە یارییەکاندا دیاری دەکات کێ بۆی هەیە وەک بینەر یان یاریزان بەشداری بکات.
فەیسەڵ بە رووداوی گوت: "ئاستی تووندوتیژی زۆر گرنگە؛ ئێمە رێگە بە تەمەنێکی دیاریکراو نادەین بۆ بینین یان یارییکردن، بەڵکو ئەمە بەپێی جۆری یارییەکە دەبێت کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکە دیاریی کردووە."
رێگەی گەیشتن بە فیناڵ
کێبڕکێکانی قۆناخی داهاتوو لە رۆژانی 11 و 12ـی ئاب بەڕێوەچوون. دوای دوو رۆژ لە ململانێی توندی نێوان 32 تیم، تیمی هەرێمی کوردستان پلەی 20ـەمی بەدەستهێنا و سەرکەوت. ئێستا پێویستە تیمەکە 12 یاریی دیکە ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە یەکێک لەو 6 تیمە یەکەمەی کە دەگەنە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە.
مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و تێیدا تیمی 721ـی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری عێراق لە کایەی (پەبجی مۆبایل)دا رکابەری دەکات.
ئەم پاڵەوانێتییە کێبڕکێ لە 24 یاریی جیاوازی سەر کۆمپیوتەر، پلەی ستەیشن و مۆبایل لەخۆدەگرێت.
هیوایەک بۆ سەرکەوتن
بەرپرسی کارگێڕیی تیمی 721، رایگەیاند سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا نەیانتوانی ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنن، بەڵام هێشتا بێ هیوا نین. ئەو بە رووداوی گوت: "ئێمە هیوای تەواومان بە گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە هەیە."
لە لایەکی دیکەوە، تیمی (ئەلفا 7)ـی بەرازیلی کە هەڵگری نازناوی مۆندیالی 2024ـە، وەک یەکێک لە بەهێزترین تیمەکان بەشدارە. ئانیکا یاریزانی پێشووی پەبجی لەو تیمە، هانی کچان و ژنان دەدات کە زیاتر بەشداری لەم جۆرە چالاکییە جیهانییانەدا بکەن.
ئەم پاڵەوانێتییە تاوەکو 15ـی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت و تێیدا پاڵەوانی ئەم وەرزەی مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکان خەڵات دەکرێت، کە بڕەکەی 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.


