رووداو دیجیتاڵ
لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، مۆندیالی یارییە ئەلکترۆنییەکان بەڕێوەدەچێت،تیمێکی هەرێمی کوردستان بەناوی (721 جی ئێس ئی سپۆرتس) وەکو نوێنەری عێراق و کوردستان لە یاریی پەپجی مۆبایلدا بەشدارە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکات.
لە مۆندیالەکەدا 24 جۆری جیاوازی یارییە ئەلکترۆنییەکان لەسەر ئاستی کۆمپیوتەر، پلەیستەیشن و مۆبایل ئەنجام دەدرێن. بۆ هەر یارییەکیش شوێن و سەکۆی تایبەت ئامادە کراوە.
تیمی (721 جی ئێس ئی سپۆرتس) لە گەنجانی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، لە یاریی "پەپجی مۆبایل"دا بەشدارن. دوای ئەنجامدانی شەش یاری لە قۆناغەکانی سەرەتادا، تیمەکە نەیتوانیوە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بەڵام هێشتا هیوایان ماوە.
بڕوا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی تیمی (721 جی ئێس ئی سپۆرتس) بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئەنجامەکان، ئەوان بێئومێد نین لەوەی بتوانن بگەنە قۆناغی کۆتایی مۆندیالەکە.
لە لایەکی دیکەوە، تیمی (ئەلفا 7)ی بەرازیلی هەڵگری نازناوی مۆندیالی ساڵی 2024ە، وەکو یەکێک لە بەهێزترین تیمەکان لە پاریس ئامادەیە. ئانییکا، یاریزانێکی پێشووی یاریی پەپجییە، لەنێو تیمەکەدا دەردەکەوێت و هانی رەگەزی مێ دەدات بۆ بەشداریکردن لەم جۆرە چالاکییە جیهانییانەدا و دەڵێت: "داوا دەکەم کچان و ژنانیش زیاتر بێنە نێو مۆندیالی یارییە ئەلکترۆنییەکان."
لەم مۆندیالەدا 32 تیمی جیاواز لە وڵاتانی جیهانەوە کۆبوونەتەوە و کێبڕکێیەکان تاوەکو 15ی ئابی 2024 بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا پاڵەوانی ئەم وەرزەی مۆندیال دیاری بکرێت.

