رووداو دیجیتاڵ
جەنەڕال دان کەین، سەرۆکی دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیدا لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە کە پێویستە واشنتن رێگەیەک بۆ کشانەوە و کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بدۆزێتەوە. کەین هۆشداری داوە کە بژاردە سەربازییەکان بۆ زیادکردنی گرژییەکان رەنگە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبێت و هێزی ئاسمانی بەتەنیا ناتوانێت ئامانجەکانی ترەمپ بپێکێت.
سێ سەرچاوەی ئاگەدار بە کەناڵێ (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، دان کەین لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کابینەکەی ترەمپ، لەوانە جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، باسی لە نیگەرانییەکانی کردووە. ئەو پێیوایە جەنگ گەیشتووەتە رێڕەوێکی مەترسیدار و پێویستە "رێگەیەک بۆ دەرچوون" بدۆزرێتەوە.
سنوورەکانی هێزی ئاسمانی
ئەم جەنەڕاڵە باڵایەی ئەمریکا مانگی رابردوو بە ئاشکرا لە بەردەم کۆنگرێس گوتی: "هێزی ئاسمانی سنووری خۆی هەیە." ئەم قسەیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ زیاتر مەیلی بۆ بۆردوومانی ئاسمانی هەیە و نایەوێت هێزی زەمینی رەوانەی ئێران بکات، بەڵام کەین و راوێژکارانی دیکە پێیان وایە تەنیا بۆردوومان ناتوانێت ئێران ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
نیگەرانیی هاوپەیمانان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا، ترەمپ دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڕیاری داوە لە هەندێک هێرشی پلان بۆ داڕێژراو پاشەکشە بکات. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەترسن ئێران وەک تۆڵەکردنەوە هێرش بکاتە سەر ژێرخانەکانی ئەوان.
هەروەها کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی و مووشەکی ئەمریکا بووەتە کێشەیەکی دیکە. فەرماندە سەربازییەکان دەڵێن ئاستی تەقەمەنییەکان "بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمە" و ئەمەش کار دەکاتە سەر توانای ئەمریکا بۆ پاراستنی ئیسرائیل و ئۆکراینا.
هاوسەنگییەکی هەستیار
ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە دەڵێن، دان کەین هەوڵ دەدات لە لایەکەوە متمانەی ترەمپ بپارێزێت و لە لایەکی دیکەوە راستییە تاڵە سەربازییەکانی پێ بڵێت. ئەو بە ترەمپی گوتووە ئەگەر بڕیاری هێرشی گەورە بدات، سوپای ئەمریکا دەتوانێت "وێرانکارییەکی گەورە" لە ئێران دروست بکات، بەڵام بە نهێنی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگەکە بەو شێوەیەی سەرۆک دەیەوێت.



