رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپێکی پەنابەران لە شاری ئۆگسبێرگی ئەڵمانیا، دوو پەناخوازی کورد بە چەقۆ کوژران. یەکێکیان خەڵکی پارێزگای سلێمانییە و ئەوی دیکەیان خەڵکی شاری تل تەمرە لە رۆژئاوای کوردستان. پۆلیس پەناخوازێکی سووریایی بە ناوی (محەممەد ک.) وەک گومانلێکراوی سەرەکیی تاوانەکە دەستگیرکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تەرمی هەردوو هاونیشتمانییەکە لەنێو سەبەتەی گەورەی زبڵ و خاشاکدا دۆزراونەتەوە و دەرکەوتووە کە بە چەقۆ کوژراون.
گوتەبێژی پۆلیسی شڤابن رایگەیاند: "پۆلیسی تاوانی ئۆگسبێرگ لە 3ـی ئابی 2026ـەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد، ئەوەش دوای تاوانی کوشتنی دوو کەس کە تێیدا هاووڵاتییەکی سووریی تەمەن 29 ساڵ و هاووڵاتییەکی عێراقیی تەمەن 54 ساڵ بوونە قوربانی. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، گومانەکان لەسەر تێوەگلانی هاووڵاتییەکی سووریی تەمەن 29 ساڵ زیاتر بوون، بۆیە دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی دا."
هەرچەندە چوار رۆژ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کوشتنەکە دیار نییە. مەی دۆست، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیاوە رایگەیاند، پۆلیس زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و بەمەبەست زانیاری بڵاوناکاتەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان تێکنەچێت.
ئەوەی تاوەکو ئێستا زانراوە، کوژراوە تەمەن 54 ساڵەکە (کە هێشتا ناوی ئاشکرا نەکراوە) خەڵکی پارێزگای سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان و کوژراوەکەی دیکەش ناوی شێخمووس مەلا خدرە و تەمەنی 39 ساڵە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.
بەگوتەی پۆلیس، گومانلێکراوەکە و هەردوو کوژراوەکە لە هەمان سەنتەری پەناخوازاندا ژیاون. هەروەها دەرکەوتووە کە هاووڵاتییەکەی باشووری کوردستان بۆ ماوەیەک لەگەڵ گومانلێکراوەکە لە یەک ژووردا پێکەوە ماونەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، خێزانی شێخمووس مەلا خدر رایانگەیاند کە ئەو باوکی چوار منداڵە و لە بنەڕەتدا خەڵکی قەزای تل تەمرە و لە ساڵی 2016 وەک پەناخواز چوونەتە ئەڵمانیا.
شیار مەلا خدر، برای شێخمووس، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە شۆک بووین... داوای سزادانی تاوانبارەکە دەکەین."
خێزانەکەی شێخمووس روونیدەکەنەوە کە ئەو کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، بەڵکو تەنیا بە هانای دراوسێکەیەوە (هاووڵاتییەکەی سلێمانی) چووە بۆ ئەوەی لە دەستی بکوژەکە رزگاری بکات، بەڵام هێرشکارەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئەویش و کوشتوویەتی.
دوای ئەوەی پۆلیس لە رۆژی 3ی ئاب لە رووداوەکە ئاگادار کرایەوە، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنی گەڕان دەستیپێکرد و هەر لە هەمان رۆژدا تەرمەکان دۆزرانەوە. دواتریش هاووڵاتییە سووریاییە گومانلێکراوەکە لە شاری میونشن دەستگیر کرا و پۆلیس هێشتا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان.



