رووداو دیجیتاڵ رزگار عارف حەسۆ، ئەندازیارێکی شارستانیی کوردە و خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە، ئامادەکاریدەکات بۆ ئەوەی وەک بەربژێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ئۆڵدنبێرگ لە هەرێمی ساکسۆنیای خوارووی ئەڵمانیا بەشداربکات. بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 13ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێت. رزگار حەسۆ لە لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) خۆی بەربژێرکردووە. ئەم بەشداریکردنەی رزگار، وەک نیشانەیەکی گەشەسەندنی رۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردانی تاراوگە لە ئەورووپا دەبیندرێت. ئەو هاونیشتمانییە دەیەوێت رۆڵێکی چالاک لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەڵمانیادا بگێڕێت، لەکاتێکدا هێشتا پەیوەندییەکی قووڵی بە کێشەکانی مافی مرۆڤ و ئاواتە نەتەوەییەکانی گەلی کوردەوە هەیە. ژیانی ئەکادیمی رزگار حەسۆ ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە بواری ئەندازیاریی شارستانی لە ئەڵمانیا. پێشتریش بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی شارستانی و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆسیشی لە هەمان بوار لە زانکۆی ئۆڵدنبێرگی ئەڵمانیا بەدەستهێناوە. بەر لەوەی بچێتە ئەڵمانیا، رزگار خوێندنی زانکۆی لە شاری حەلەب لە سووریا دەستپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە کە ژیانی ئەکادیمیی پەکخست، ئەو هاونیشتمانییە و زۆر لە خوێندکارانی دیکەی کورد ناچاربوون بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان روو لە دەرەوەی وڵات بکەن. پاشخانی سیاسی و کەسی جگە لەوەی ئێستا ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیایە (SPD)، رزگار حەسۆ پێشتر ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی (پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا) بووە. ئەم ئەزموونەش پەیوەندیی نێوان کارە سیاسییەکانی ئێستای لە ئەڵمانیا و خەباتی پێشووی لەپێناو دیموکراسی لە رۆژئاوای کوردستان پیشاندەدات. رزگار لە ساڵی 1992 لە ناوچەی چەلەبیی کۆبانێ لەدایکبووە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. شاری کۆبانێ لە ساڵانی 2014 و 2015 کاتێک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆدرا و دواتر لەلایەن شەڕڤانانەوە بەتەواوی رزگارکرا، بووە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرخۆدان و خۆڕاگریی کورد. ئامانجی بەربژێربوونەکەی چییە؟ ئێستا پارتی (SPD) ژمارەیەکی زۆر کورسی لە ئەنجوومەنی شارەوانیی ئۆڵدنبێرگ هەیە و بۆ هەڵبژاردنی 2026ـیش کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە زیاددەکات، لە سەرجەم ناوچەکانی شارەکەدا بەربژێری هەیە. رزگار حەسۆ دەیەوێت لەڕێگەی گەیشتنی بە ئەنجوومەنی شارەوانی، خزمەت بە کێشەکانی کۆمەڵگە بکات، وەک پرسی ئاوێتەبوونی پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانی، نیشتەجێبوون، پەروەردە و گەشەپێدانی شارەکە. لەم بوارانەشدا دەتوانێت سوود لە شارەزاییە ئەندازیارییەکەی و ئەزموونی خۆی وەک کوردێکی کۆبانێ وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.