رووداو دیجیتاڵ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا کە هەینی بڵاوکرانەوە، ئابووریی ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو 23 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی بازاڕی کار دوای چەندین مانگ لە گەشەی بەردەوام. فەرمانگەی ئاماری کاری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەلی کارەکان لە کەرتەکانی پەروەردەی حکومی و بازرگانیی تاکەکەسیدا کەمیکردووە، لەکاتێکدا کەرتی تەندروستی لە گەشەکردن بەردەوامبووە. پێداچوونەوە بە ئامارەکان و پاشەکشەی بازاڕ ئەم فەرمانگەیە پێداچوونەوەی بۆ ئامارەکانی دوو مانگی رابردووش کردووە و دەرکەوتووە کە گەشەی بازاڕی کار 103 هەزار کار کەمتربووە لەوەی پێشتر راگەیێندرابوو. بەپێی داتاکان، گەشەی هەلی کار لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا گەیشتووەتە لووتکە، بەڵام لە سێ مانگی دواتردا پاشەکشەیکردووە و لە مانگی حوزەیرانیشەوە چووەتە خانەی نەرێنییەوە. شارەزایان دەڵێن، سەرەڕای ئەم شڵەژانە، رێژەی بێکاری تاوەکو رادەیەک بەجێگیری ماوەتەوە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی هێزی کار کە پەیوەندی بە پیربوونی دانیشتووان و کەمبوونەوەی ژمارەی پەناخوازانەوە هەیە. زیانەکان بەپێی کەرتە جیاوازەکان ئامارەکانی مانگی تەممووز وردەکاریی زیانەکانیان بەم شێوەیە خستووەتەڕوو: کەرتی پەروەردەی حکومی: 50 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە جێگیریی رێژەی کارکردن لەم کەرتەدا. کەرتی بازرگانیی تاکەکەسی: 19 هەزار هەلی کار کەمیکردووە، بەتایبەتی لە کۆگاکانی فرۆشتنی کۆ و فرۆشگا گشتییەکان. کەرتی چالاکییە داراییەکان: بەردەوامە لە پاشەکشە و 14 هەزار هەلی کاری دیکەی لەدەستداوە. بەمەش ژمارەی کارمەندانی ئەم کەرتە 121 هەزار کەس کەمترە بەراورد بەو ئاستەی لە مانگی ئایاری 2025ـدا تۆماریکردبوو. کەرتی تەندروستی کەرتی تەندروستی هێشتا وەک بزوێنەری بازاڕی کار ماوەتەوە، ئەویش بەهۆی زیادبوونی پێویستیی ئەمریکییەکان بە چاودێریی پزیشکی. لە مانگی تەممووزدا ئەم کەرتە 22 هەزار هەلی کاری نوێی رەخساندووە، بەڵام ئەمە هێشتا خاوترە لە تێکڕای گەشەی ساڵی رابردووی کەرتەکە. لەلایەکی دیکەوە، تێکڕای مووچەی کاژێرێک بە رێژەی 3.2٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم زیادبوونە کەمترە لە رێژەی هەڵاوسان کە 3.5٪ـە، داهاتی کرێکاران لەڕووی هێزی کڕینەوە کەمیکردووە. ئەم داتا نوێیانە زەنگی مەترسی بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا لێدەدەن، چونکە پێشتر بەرپرسانی بانکەکە بازاڕی کاریان بە جێگیر دەبینی و تەواوی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان بوو.