رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزیان کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا ناتوانێت بڵێت رێککەوتنێکی فەرمی بۆ دووبارە کردنەوەی تەواوەتی تەنگەکە واژۆ کراوە.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤانان دا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەی بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، ترەمپ گوتی: "نامەوێت بڵێم کە رێککەوتن کراوە، بەڵام ئێستا تەنگەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان کراوەیە. ئێمە گەمارۆیەکمان هەیە کە هێزی دەریایی ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات و کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی پێ دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەو مەترسییانەی هێشتا لە ناوچەکەدا ماون و گوتی: "ئەوان (ئێرانییەکان) هەمیشە دەتوانن شتێک بتەقێنن یان مینێک فڕێ بدەن. ئەگەر تەنیا یەک مین لەوێ بێت، هەموو شتێک تێک دەدات، چونکە خەڵک نایانەوێت کەشتییە ملیار دۆلارییەکانیان ببەن و بە رێکەوت بەر مین بکەون."
سەبارەت بە داهاتووی تەنگەکە، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند: "پێموایە ئێمە زۆر باش کار دەکەین. من خۆم راستەوخۆ لە دانوستاندنەکاندا بەشدارم و پێموایە بارودۆخمان باشە."
گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە لە 14ی تەممووزی رابردووەوە دەستیپێکردووەتەوە، بە تووندی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، تاوەکو رۆژی 6ی ئابی 2026، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا کە لەسەر کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس بۆکسەر جێگیرکراون، پشتیوانیی بەردەوامی جێبەجێکردنی گەمارۆکە دەکەن.
ئامارەکانیان دەریدەخەن کە تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 49 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، دوو کەشتییان بە تەواوی پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێکارەکانی گەمارۆکە.


